سەرۆك بارزانی و جەیمس جێفری دۆخی ناوچەكە تاووتوێ دەكەن

سەرۆك بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی شەڕی دژی داعش دەكات

K24 - ھەولێر

 ئەمڕۆ سێشەممە 22ـی ئەیلوولی 2020 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

لەو دیدارەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كرا و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش  كورتەیەكی لەبارەی ستراتیژی و روانگەی وڵاتەكەی لەمەڕ دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و هەولێر و بەغدا و هەروەها پرسە هەنووكەییەكان و هاوكێشەكانی ناوچەكە بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئاییندەی گەلی كورد لە سووریا و باسی ئەو هەوڵانە كرا كە بۆ دیالۆگ و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا ئەنجام دراون.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە مانەوەی هەڕەشەی داعش، جەخت لەسەر هاوپەیمانێتی و هەماهەنگیی هەردوولا لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق كرایەوە.

پرسی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.