سعوودیە رازی نیە بە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ ئسرائیل و مەرجی ھەیە

"دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین ھەبێت و پایتەختەکەی رۆژھەڵاتی ئۆرشەلیم بێت"

K24 – ھەولێر:

تورکی فەیسەل ئالسعوود، سەرۆکی دامەزراوەی شا فەیسەڵ و ئەندامی خێزانی شاھانەی سعوودیە رایگەیاند: ھەڵوێستی سعوودیە لەبارەی ئاشتی لەگەڵ ئیسرائیل ئەوەیە، "دەبێت دەوڵەتی فەلەستین رابگەیەندرێت و پایتەختەکەی رۆژھەڵاتی ئۆرشەلیم بێت.

تورکی فەیسەل ئالسعوود، سەرۆکی دامەزراوەی شا فەیسەڵ گوتی: "دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین ھەبێت و پایتەختەکەی رۆژھەڵاتی ئۆرشەلیم بێت. ئەمە یەکەم بابەتی سەرەکی دەستپێشخەری ئاشتی عەرەبە. ئەگەر ئیسرائیل به‌ر له‌ ١٨ ساڵ ئەو دەستپێشخەرییەی قبوڵ بکردایە؛ ئێمەش بەو ئاراستەیە کارمان دەکرد و ئێستا دەوڵەتی فەلەستین ھەبوو. بەداخەوە تاکە رێگر لەبەردەم ئەو ھەوڵانە ئیسرائیل بوو".

ئاشكراشیكرد: ھەر جۆرە قسەیەکیش لەبارەی بوونی ناکۆکی لەنێوان شای سعوودیە و شازادەی جێنشین لەسەر ئەو بابەتە راست نیە.

گوتیشی: "پێموایە ئەگەر بتانەوێت ھەڵوێستی خەڵکیش بزانن، خۆ ئەوە زیاتر لە 90%ی خەڵكەكە پشتگیری لە ھەڵوێستی سعوودیە دەکەن، کە دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین درووست بکرێت و پایتەختەکەی رۆژھەڵاتی قودس بێت. ئەمەش بە مەبەستی گەیشتن بە ئاشتی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا".