پۆلیسی فیدڕاڵی پاڵپشتی له‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ده‌كات

%90ـی پۆلیسی فیدڕاڵی له‌ پێكهاته‌ی شیعه‌ن

K24 – ھەولێر:

لە پرسی تەعریبكردنەوەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ھاووڵاتییانی كورد لە دەوروبەری كەركووك، پۆلیسی فیدڕاڵی لە جیاتی ئەوەی بێلایەن بێت، بە پێچەوانەوە پشتیوانی لە عەرەبە ھاوردەكان دەكات. ئەمەش پێچەوانەی دەستوورە، سەڕەڕای ئەوەی كە زیاتر لە سەدا نەوەدی پۆلیسی فیدڕاڵی لە پێكھاتەی شیعەن، لە بەرامبەردا بەشداری كورد  لە سەدا یەكیش نییە، كە بەپێی دەستوور دەبێ سەدا 17 بێت.

مەحەمەد سابیر، شارەزای بواری سەربازی و ئەمنی گوتی: %95 پۆلیسی فیدڕاڵی لە پێكھاتەی شیعەن.

پشكی كورد لە پۆلیسی فیدڕاڵیدا %17 یە، بەڵام لە واقیعدا، رێژەی كورد لەناو پۆلیسی فیدڕاڵیدا %1 یش نییە. ئەو كوردانەی كە وەك پۆلیسی فیدڕاڵیش دامەزراون خۆیان چوونەتە ناو ھێزەكە و لەسەر پشكی كورد ھەژمار نەكراون.

لە پرسی تەعریبكردنەوەی زەوی و زاری ھاووڵاتییانی كورد لە دەوروبەری كەركووك، لە چەند مانگی رابردووشدا تەنانەت سوپاش ھاوكاری عەرەبە ھاوردەكانی كردووە. سەبارەت بە ھەوڵی تەعریبكردنەكەش، سەرۆكی حكومەت پەیامێكی توندی بۆ بەغدا نارد و رایگەیاند بەھیچ جۆرێك ئەم سیاسەتە قەبوڵ ناكەن و بۆ ئەم مەبەستەش شاندێكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان دەچێتە بەغدا.