بە ھۆی به‌شداریان له‌ خۆپیشاندانەكانی 2014ی كۆبانی توركیا ده‌یان كەس دەستگیر دەكات

"لەم قۆناغەدا بڕیاری دەستگیركردنی 82 گومانلێكراو دراوە"

K24 - ھەولێر:

دەسەڵاتدارانی توركیا ئەمڕۆ ھەینی، فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ 82 كەس ده‌ركرد، كە لە نێوانیاندا ئەندامانی هه‌ده‌په‌ ھەنە، بە ھۆی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2014 دژ بە گەمارۆدانی شاری كۆبانی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن داعشەوە.

لە ساڵی 2014 لەو كاتەی كۆبانی لە لایەن داعشەوە گەمارۆ درابوو، كوردانی باكوور لە سەرەتای تشرینی یەكەمی ئەو ساڵە رژانە سەر شەقامەكان و سوپای توركیایان تۆمەتباركرد بە تەماشاكردنی رێكخراوی داعش لە كاتی گەمارۆدانی كۆبانی لە رۆژئاوا لە نزیك سنووری توركیا و لەو خۆپشاندانانەدا 37 كەس كوژران.

ئەنقەرە پارتی كرێكارانی كوردستان"پەكەكە" تۆمەتبار دەكات بەوەی ھانی ئەو خەڵكەی داوە بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانەكان، ھەروه‌ھا پارتی گەلانی دیموكرات "ھەدەپە" تۆمەتبار دەكات بە پەیوەندییەكانی لەگەڵ پەكەكە و بەشداربووە لە رێكخستنی ئەو خۆپیشاندانانە و ھەدەپەش ئەم تۆمەتانە رەتدەكاتەوە.

نووسینگەی داواكاری گشتی لە ئەنقەرە ئەمڕۆ ھەینی، لە راگەیەندراوێكدا گوتی:  یاداشتی دەستگیركردن بە ھۆی "داواكردن بووە لە خەڵك بۆ ئەوەی بێنە سەر شەقامەكان و كاری تیرۆریستی ئەنجام بدەن". گوتیشی: گەڕان بەدوای گومانلێكراوان لە حەوت ھەرێمدا بەردەوامه‌.

لە رایگەیەندراوەكەدا ھاتووە: "نووسینگەی لێكۆڵینەوە له‌ تاوانەكانی تیرۆر سەر بە دادگای ئەنقەرە، دەستی بە ڵێكۆڵینەوە لە پەكەكە و ئەندامەكانی كردووە و لەم قۆناغەدا بڕیاری دەستگیركردنی 82 گومانلێكراو دراوە".