به‌شێكی شیعه‌كان له‌ هه‌وڵه‌كانی كازمی به‌ گومانن

سەرۆك وەزیرانی عێراق بەبێ بڕیاری دادگا بەرپرسان دەستگیر دەكات
kurdistan24.net

K24 - بەغدا

سەرۆک وەزیرانی عێراق ھەڵمەتێکی دەستگیرکردن و قەدەغەی گەشتکردنی ئەو بەرپرسانەی دەستپێکردووە، کە تێوەگلاون بە گەندەڵی، ئەمەش کاردانەوەی لای ھێزە سیاسییەکانی شیعە دروستکردووە، بە جۆرێک دەڵێن "کازمی تەنھا بۆ بەرژەوەندی سیاسیی و خۆنمایش کردن لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە ئەو کارە دەکات، بێ ھیچ بەڵگەی یاسایی یان بڕیاری دادگا، بەرپرسان دەستگیر دەکات، بۆیە ئەمەی بۆ ناچێتە سەر".

مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەزگای رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی راسپاردووە، بۆ ھەڵمەتێکی دەستگیرکردن و قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات، بۆ ئەو بەرپرسانەی کە تێوەگلاون بە گەندەڵی لە جومگە ئیدارییەکانی حکومەت،  ئەمەش جۆرە کاردانەوەیەکی دروستکردووە، لای شیعەكان. پەرلەمانتارێکی رەوتی حیکمە دەڵێت "پاڵپشتی رووبەرووبونەوەی گەندەڵی دەکەین، بەڵام بەو مەرجەی بۆ بەرژەوەندی سیاسیی و نمایش نەبێت لە راگەیاندنەکانەوە".

حەسەن فەدعەم، پەرلەمانتاری عێراق لە رەوتی حیکمە بە كوردستان24ی گوت: "قەدەغەی گەشتکردنی بەرپرسانی گەورەی تێوەگلاو بە گەندەڵی پێویستە، بەڕاستی بێت و پێش ئەوەی گەشتبکەن رێگریان لێ بکات، نەک چوونەتە ناو فڕۆکە و دەیەوێت بفڕێت بڕیاری گرتنیان بۆ دەردەکات، بۆیە ئەم لێپرسینەوەیە ئێمە پاڵپشتی دەکەین، بەو مەرجەی کە بە راستگۆیی بێت نەک بۆ بەرژەوەندی سیاسیی و خۆنمایش کردن لە دەزگاکانی راگەیاندنەوە".

بڕیارەکانی کازمی، بۆ لە ناوبردنی بەرپرسانی گەندەڵ لە چوارچێوەی درووخستنەوەیان لە پۆستەکانیان و قەدەغەی گەشتکردن و پاشان دەستگیرکردنیانە، ئەمەش دیسانەوە جێی رەخنەی لایەنە شیعەکانە و ھاوپەیمانی سائیرون رایدەگەیەنێت "بێ بەڵگە و بڕیاری دادگا کازمی بەرپرسان دەستگیردەکات، ئەمەشی بۆ ناچێتە سەر".

سەباح عگێلی، پەرلەمانتاری ھاوپەیمانی سائیرون دەڵێ: "پێویستە بەڵگەی یاسایی راستەقینەی لە بەردەست بێت و بیسەلمێنێت کە ئەو بەرپرسە گەندەڵە و رەوانەی دادگای بکات بۆ رێکارە یاساییەکان، ئینجا ئەو تاوانبارە گەندەڵە دەستگیربکرێت، بەڵام تۆ بڕیار دەربکەیت بە قسەی ئەم و ئەو بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسێک و دەستبەسەری بکەیت ئەمە چۆن ئەبێت، تاکەی بەدەستبەسەرکراوی دەیھێڵیتەوە، بۆیە ئەمە ئەستەمە بۆی بچێتە سەر چونکە دەبێت بە بەڵگەوە دادگا بڕیاری بۆ دەربکات".

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست کوردستان24 کەوتووە، پاش ئەوەی مستەفا کازمی بانگھێشتی بەڕێوبەری لقەکانی بانکی کشتوکاڵی فەلوجە، رومادی، سەلاحەدین، و ئەبوو غرێب دەکات تاکو لە کۆبوونەیەک لە بەغدا ئامادەبن راستەوخۆ ھەر ھەموویان دەستگیردەکرێن، ھەفتەی رابردووش ھێزێکی ئەمنی لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانەوە بەڕێوبەری پێشووی دەستەی گشتی خانەنیشینی عێراق دەستگیر دەکەن، لە ناوچەی وەسبەی شاری بەغدا و ھاوکات بە تۆمەتی کوشتنی خۆپیشاندەرانیش لە ناسریە، فەریق جەمیل شەمەری بڕیاری قەدەغەی گەشتکردنی بۆ دەردەچێت.