مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا

سەرۆكی حكومەت 540 ملیۆن دینار بۆ پێداویستییە پزیشكەكان و خۆپارێزییەكان لە قوتابخانەكان تەرخانكردووە
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئەمڕۆ یەكشەممە 27/9/2020 مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان، لە قوتابخانەیەکی شارۆچکەی بەحرکەی نزیک هەولێر، زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە گوتارێكدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ زەنگی دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن لێدەدەین، بۆ ئەوەی پرۆسەی خوێندنی پۆلی 12ـی ئامادەیی دواتریش خوێندنی پۆلی یەك و دووی بنەڕەتی دەست پێبكات.

سەرۆكی حكومەت سوپاسی وەزیری پەروەردەی كرد، بۆ ھەوڵ و ماندوبوون و دانانی میكانیزمێك بۆ دەستپێكردنەوەی پرۆسەی خوێندن بە شێوەیە ئەلیکترۆنی، بەتایبەتی لەم دۆخە نائاساییەی كە بەھۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا ھاتووەتە ئاراوە. ھاوكات سوپاسی مامۆستایانی كرد كە بەردەوامن لە ئەركەكەنیان بۆ فێرکردنی قوتابیان و خزمەتكردنی وڵاتەكەیان.

سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لەمبارەوەیەوە گوتی، راستە خوێندن پرۆسەیەكە بۆ فێربوون، بەڵام لە ھەمانكاتدا قۆناغێكە بۆ ھەستكردن بە بەرپرسیاریەتی، قوتابی بۆ ئەوە دەخوێنن، تا ببن بە ئەندامێكی كاریگەری كۆمەڵگە و فێری زانست بن، بۆ ئەوەی وڵات بەرەوپێش بەرن. خوێندن تەنھا خوێندنەوەی كتێب و وانە نییە، بەڵكو خۆئامادەكردنە بۆ ژیان، بۆیە تا زیاتر خۆتان ئامادەبكەن بۆ ژیان ھێندە دەتوانن سەركەوتووبن. دڵنیام زۆر لە ئێوەی قوتابیان ژیانی بندەستیتان نەبینیوە، بەڵام ئەوەی ئێستا لەم ھەرێمە ھەیە، بەرھەمی خوێنی شەھیدان و قوربانیدانێكی زۆرە، زۆر لە كەسوكاری ئێوە بۆ ڕزگاری نیشتمان و گەیشتنی ئەم ھەرێمە بەم قۆناغە، خەباتیان كردووە و تێكۆشاون، بۆیە پێویستە قەدری ئەوە بزانین، پێویستە بزانین ئەوە بەرھەمی خەبات و قوربانیدانی خەڵكی پێش ئێمەیە و دەبێ ئەم بەرھەمە بپارێزین، داواتان لێدەكەم ھیچ كەس و شتێك وڵاتەكەتان  و مێژووە پڕ سەرەوەرییەكەتان لەبەرچاو ناشیرین نەكات، ئەركی ئیوەیە پارێزەری ئەو دەستكەوتانە بن، دەبێ ئێوە خۆتان ئامادە بكەن بۆ قۆناغێكی دیكەی ئاوەدانی.

مەسرور بارزانی داوای لە قوتابیان و مامۆستایان کرد کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن . لەمبارەیەوە گوتی پێویستە ئێوە پێش ھەموو كەسێك خۆتان و مامۆستا و كەسوكارتان لە ڤایرۆسی كۆرۆنا بپارێزن، بۆ ئەوەی تەندروست بن و درێژە بە خوێندن بدەن. بەو ھیوایەی ھەمووان تەندروست باش بن، دڵنیابن ئێمە وەك حكومەت ئەوەی پێمان بكرێت دەیكەین بۆ بەرەوپێشەوەچوونی كەرتی پەروەردە، بەرنامەی زۆرمان ھەیە بۆ پێشخستنی پەروەردە و خوێندن و كەرتەكانی دیكە، بەڵام قەیرانی دارایی لە جیھان كاریگەری لەسەر ھەرێمی كوردستانیش ھەبووە، بەڵام ئەوە نامانوەستێنێ و بەردەوام دەبین لە جێبەجێكردنی پڕۆژە و ئەو بەڵێنانەی بە خەڵكمان داوە، کە یەكێك لە بەڵێنەكانیش پەرەدانە بە كەرتی پەروەردە و خوێندنە.

دوای لێدانی زەنگی قوتابخانە ، سەرۆکی حکومەت چەند پۆلێكی بەسەركردەوە و لە نزیكەوە چاوی كەوت بە ئامادەكاریی و گرتنەبەری رێوشوێنەكان بۆ خوێندن و خۆپاراستنی قوتابی و مامۆستایان.

لە رێوڕەسمی دەستپێكردنەوەی خوێندنی ساڵی نوێ، ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردە، سوپاسی سەرۆکی حکومەتی کرد، كە بڕی 540 ملیۆن دیناری وەك بودجە بۆ پێداویستییە پزیشكییەكان و لەبەرچاوگرتنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لە قوتابخانەكان تەرخان كردووە.

مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا
مەسرور بارزانی زەنگی دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندنی لێدا