ئەمساڵ 170 حاڵەتی دەستدرێژی سێكسی لە ھەرێمی كوردستان تۆماركراون

"كاركردنی منداڵان و پەرتەوازەیی خێزان ھۆكاری دەستدرێژی سێكسییە"
kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

بەپێی دوایین راگەیاندنی پزیشکی دادوەری لە ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئەم مانگە، 170 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراوە، ئەوەش ئاشكرا كراوە ئەو كەدسانەی دەستدرێژی سێكسیان كراوەتەسەر تەمەنیان لەنێوان 4 تا 29 ساڵە و زۆربەشیان لە رەگەزی مێن. وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان و خێزان دەڵێت "بەشێکی زۆری ھۆکاری زۆری ئامارەکان بۆ کارکردنی منداڵان لەسەر شەقامەکان و پەرتەوازەیی خێزانەکان دەگەڕێتەوە".

لەم چەند ساڵەی دواییدا ژمارەی ئەو منداڵانەی لە بازاڕ و سەر شەقامەكان كار دەكەن زیادیكردووە، کار کردنی ئەو منداڵانە کاریگەری دەخاتە سەر باری دەروونیان و ھەندێکیشیان داھاتووێکی نادیاریان دەبێت، بەدەر لە مانە حاڵەتێکی مەترسیدارتر ھەندێک کات رووبەڕووی ئەم منداڵانە و ھەندێک کات منداڵانی ناو خێزانەکانیش دەبێتەوە. بە گوێرەی دوایین راگەیاندنی پزیشکی دادوەریی لە ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکو ئێستا 170 حاڵەتی دەستدرێژی سێکسی تۆمار کراوە.

بە بۆچوونی توێژەرانی کۆمەڵایەتی پاشەکشەی پەروەردەکردن لە کۆمەڵگە وادەکات ئامارەکان بەرزببنەوە، لەگەڵ پەرتەوازەیی بەشێک لە خێزانەکان و بێئاگایی خێزانەکان لە منداڵەکانیان ھۆکارێکی دیکەیە بۆ زیاد بوونی ژمارەی ئەو منداڵانەی دەستدرێژیان دەکرێتە سەر.

توێژەرانی کۆمەڵایەتی دەڵێن، ئەو کەسانەی کە دەستدرێژی دەکەنە سەر منداڵان جۆرێک لە نەخۆشی دەرونیان ھەیە، بۆ بەرگرتن لە زیاد بوونی حاڵەتەکانیش پێویستە گرنگی بە بواری پەروەردە بدرێت و لە راگەیاندنەکانەوە ھۆشیاری زیاتر بڵاوبکرێتەوە لەگەڵ سنوردارکردنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان كە زیان بە منداڵان دەگەیەنن لەكاتی بەكارھێنانیان.