هۆشدارییه‌كانی ئه‌مەریكا بۆ عێراق توندتر ده‌بن

چاودێران: به‌بێ ئه‌مەریكا عێراق رووبه‌ڕووی كاره‌سات ده‌بێته‌وه‌
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

لەگەڵ بەردەوامی ھێرشی میلیشیاكان بۆ سەر باڵیۆزخانه‌ و دپلۆماتكارەكان لە عێراق، ھۆشدارییەكانی ئەمەریكاش جدیتر و توندتر دەبن، چاودێرانی سیاسی لەو بڕوایەدان "ئەمەریكا وەك چەترێك وایە بۆ عێراق، لەگەڵ نەمانی ئەو چەترە كارەساتی گەورە رووبەڕووی عێراق دەبێتەوە".

ھۆشدارییەكانی ئەمەریكا بۆ حكومەتی عێراق لە بەرامبەر بەردەوامی ھێرشی میلیشییاكان، دۆخی بەغدای خستووەتەوە حاڵەتێكی مەترسیدارەوە، بەجۆرێك ترسی ھەرەسھێنانی سیستمی سیاسی عێراق دروستبووە، پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەكان دەڵێت "ئەمریكا وەك چەترێك وایە بۆ عێراق، ھەركات ئەم چەترە نەما كارەساتی گەورە روودەدات".

ئاڵۆزبوونی دۆخەكە كاریگەری تەنیا لەسەر رووە سیاسییەكە نابێت، بەڵكو لە رووی ئابووریشەوە عێراق بەرەو قۆناغێكی دیكە دەبات، ئەمەش كاریگەری لەسەر دۆخی ئابووری ھەرێمی كوردستانیش دروست دەكات.

بەشێك لە پسپۆڕانی سیاسی پێیان وایە ھەرێمی كوردستان بە راگرتنی ھاوسەنگی و پاراستنی پەیوەندییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتان، دەتوانێت خۆی لە ئاكامەكانی ئەم دۆخە نەخوازراوە بپارێزێت كە ئێستا رووبەڕووی عێراق بووەتەوە.