پۆمپیۆ: داوای ئاگربه‌ست له ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ ده‌كه‌ین
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، "مایك پۆمپیۆ"، رایگه‌یاند، پێویسته هیچ هێزێكی ده‌ره‌كی ده‌ستوه‌ردان له ململانێی چه‌كداری هه‌رێمی "ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ" نه‌كات. داواشیكرد، هه‌ردوو وڵات ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نن.
له چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی "فۆكس نیوز"، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، "مایك پۆمپیۆ" دوێنێ پێنجشه‌ممه (1ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ری 2020)، گوتی: "ئێمه سه‌رنجی خۆمان له باره‌ی ئه‌و ململانێ درێژخایه‌نه‌ی ئه‌و پارچه‌یه‌ی گۆی زه‌وی خستووه‌ته‌ڕوو. ئێمه دژی ئه‌وه‌ین، ئه‌و پرسه مۆركێكی نێوده‌وڵه‌تی وه‌ربگرێت. له‌و بڕوایه‌داین پێویسته لایه‌نه ده‌ره‌كییه‌كان له ده‌ره‌وه‌ی ململانێكه بمێننه‌وه".
هه‌روه‌ها گوتی: "هه‌ردوولا هانده‌ده‌ین ئاگربه‌ست رابگه‌یه‌نن. داوا له هه‌ردوولا ده‌كه‌ین بگه‌ڕێنه‌وه شوێنی پێشوویان. قسه‌مان له‌گه‌ڵ سه‌ركردایه‌تی هه‌ردوو وڵاتی ئازه‌ربیجان و ئه‌رمینیا كردووه، ئه‌و كاره بكه‌ن".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا گوتی: "توندوتیژی هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌ژادی و سیاسی له ناوچه‌كه چاره‌سه‌ر ناكات. ده‌ستتێوه‌ردانی وڵاتی سێیه‌م، یان هه‌ر وڵاتێكی دیكه هیچی لێ به‌رهه‌م نایه‌ت، جگه له ئاڵۆزتركردنی زیاتری كێشه‌كه".
رۆژی یه‌كشه‌ممه (27ی ئه‌یلوول/ سێپتێمبه‌ری 2020)، جارێكیدیكه شه‌ڕ له نێوان هه‌ریه‌ك له ئازه‌ربیجان و ئه‌رمینیا له‌سه‌ر هه‌رێمی "ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ" روویدا. ئه‌م خوله‌ی شه‌ڕی نێوان ئه‌و دوو وڵاته له ماوه‌ی (20) ساڵی رابردوودا به مه‌ترسیدارترین ره‌وشی ئاڵۆزی ناوچه‌كه هه‌ژمار ده‌كرێت.
ئه‌رمینیا، رایگه‌یاندووه، ئازه‌ربیجان ده‌ستپێشخه‌ربووه و به پشتیوانی و كۆمه‌كی سه‌ربازی توركیا هێرشیكردووه‌ته سه‌ر هێڵه‌كانی پێشه‌وه‌ی سوپای ئه‌رمینیا له هه‌رێمی "ناگۆڕنۆ قه‌ره‌باغ"، له به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی "باكۆ" رایگه‌یاندووه، هێزه‌كانی ئه‌رمینیا ته‌قه‌یان له خه‌ڵكی ئازه‌ربیجانی كردووه.
سه‌رچاوه: RT
ئ.ر