بە وێنە... وەرزی بڕینەوەی تووتن لە دەڤەری باڵەكایەتی
تا بیست ساڵ لەمەوبەر لەدەڤەری باڵەكایەتی لە دوای دروێنەی (جۆ) و پەرێزی (جۆ) دادەچێندرا بە تووتن. گەنم و جۆ بەرھەمێك بوون تەنھا بۆ پێویستی ماڵ و خواردن، بەڵام تووتن لە دەڤەری باڵەكایەتی دیارترین بەرھەمی كشتوكاڵی بوو كە دەفرۆشرا بە بازرگانەكانی ھەولێر، ئەوانیش ھەناردەی پارێزگای موسڵ دەكرد.
بەوپێیە دەڤەری باڵەكایەتی رووبەرێكی بەرفراوانی زەوی بەراو كشتوكاڵی بەرفراوانی ھەیە و ئاو ھەواكەشی بۆ كشتوكاڵ گونجاوە، ساڵانی پێشتر بەتایبەتی لە نەوەدەكانی سەدەی رابردوو رووبەرێكی زۆری زەویە كشتوكاڵییەكان بە توتن دادەچێندرا، لەبەر سێ ھۆكار (گوندنشینان بەچاندنی راھاتبوون و شارەزیان لێیان ھەبوو، بەرھەمێك بوو تێكچوونی نییە و دەتواندرێت بەئاسانی ھەڵبگیردرێت لەكاتی ساغ نەبوونەوەی، زۆربەی گوندەكان رێگای ئۆتۆمبێلیان نەبوو یان زۆر خراپ بوو ژمارەی ئۆتۆمبێلیش لە گوندەكان كەم بوو توتنیش گواستنەوەی ئاسانە و یەك جارە، بەڵام بەرھەمەكانی تر گوستنەوەیان رۆژانەیە).