یەدەگی ئاوی تورکیا دابەزینی بەرچاو تۆمار دەکات

داوا لە دانیشتووانی ئیستانبوڵ دەکرێت بەکارهێنانی ئاو سنووردار بکەن

K24 - ھەولێر

رۆژنامەی زەمانی توركی لە راپۆرتێکدا ئاشكرای كردووە، توركیا گەورەترین داكەوتنی لە یەدەگی ئاوی وڵاتەكە تۆماركردووە كە پێشووتر ھاوشێوەی نەبووە.

بەگوێرەی راپۆرتەكە، شارەوانی ئیستانبوڵ داوای لە خەڵكی شارەكە كردووە بەشێوەیەكی باشتر و سنووردار ئاو بەكاربھێنن و ھۆشداری داوە لەوەی كە ئەو دابەزینەی لە یەدەگی ئاوی شارەكەدا تۆمار كراوە، ھاوشێوەی نەبووە و ھۆكاری سەرەكیشی بۆ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما لەمساڵدا دەگەڕێنێتەوە، تەنانەت تێكڕای بارانی بارین لە مساڵدا بەرێژەی 60% کەمیکردووە.

موراد ئۆن گون، گوتەبێژی فەرمی شارەوانی ئیستانبوڵ ئاماژەیداوە ، بەپێی داتاكانی بەڕێوەبەرایەتییەكە، ئاستی ئاو لە یەدەگی بەنداوی (مالی) بەرێژەی 36.71% داكەوتووە و جەختیشیكردەوە كە ئاستی ئاو لە بەنداوەكە  بەكەمترین ئاستی 5 ساڵی رابردوو ھەژمار دەكرێت و  ئەوەش بووەتە مەترسی لەسەر وڵاتەكە .

ھاوكات چەندین دەیەیە ھەر یەك لە توركیا و ئێران جەنگی ئاویان لەسەر عێراق دەستپێكردووە و لە ئەنجامیشدا ھەزاران ھێكتار زەوی كشتوكاڵی لە عێراق داڕماوە و لێكەوتەكانی ئەو جەنگی ئاوە لەسەر عێراق بە روونی دیار بووە و گورزی لە كەرتی كشتووكاڵی عێراق داوە، نەك تەنیا ئەوە بەڵكو سامانی ئاژەڵداری و یەدەگی ستراتیژی ئاویش كاریگەر بوون .