روانگهی سووریا: دەیان چەكداری سووریایی لە شەڕەكانی قەرەباخ كوژراون
K24 – ھەولێر:
چالاكوانان و دەزگاكانی راگەیاندن ھەواڵی كوژرانی بەدەیان "چەكداری سووریاییان" بڵاوكردووەتەوە، كە بەڕێگای توركیاوە نێردراون بۆ پشتیوانی ئازەرییەكان لە بەرەكانی شەڕی نێوان ئازەربایجان و ئەرمینیا لە ناوچەی قەرەباخ.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگهیاند، ئەنجامی زیانە مرۆییەكان لە ریزی گرووپە "بەكرێگیراوهكان"ی سەر بە توركیا گەیشتە 72 كوژراو.
روانگە ئاماژەیكردووە، حكومەتی توركیا بەنیازە چەند كاروانێكی دیكەی ئەو چەكدارە سووریاییانە رەوانەی ئازەربایجان بكات.
چاوەڕوان دەكرێت لە چەند كاتژمێر و رۆژانی نزیكی داھاتوو بە سەدانیان بگەنه ئەوێ بۆ بەشداریكردن لە شەڕدا.
روانگەی سووریا روونیكردووهتهوه، كۆمپانیا ئەمنییەكان و ھەواڵگری توركیا بەردەوامن لە سەر كاری گواستنەوە و راھێنانی ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی ئەو گرووپانەی سەر بە توركیانە بۆ بەشداریكردن لە شەڕی قهرهباخ.
ژمارەی ئەو چەكدارانەی تاكو ئێستا گەیشتوونەتە ئەوێ 1200 چەكدارن و زۆرینەیان لە پێكھاتەی توركمانی سووریان.
روانگەی سووریا بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئاشكرایكردووە، حكومەتی توركیا، ئەو چەكدارانەی سووریای بهناوی پاراستنی كێڵگەكانی نەوت و سنوور رهوانهی ئازەربایجان كردووه، بهڵام لهوێ شهڕیان پێدهكات.
ئاژانسی "فرانس پرێس" لە زاری ژمارەیەك لەو چەكدارانەی سووریاوه بڵاویكردهوه، ئهوان ئامادهن و چاوهڕێی نۆرهی خۆیان دەكەن بۆ رۆیشتن و بەشداریكردن لە شەڕەكاندا بەرامبەر بە داھاتێكی ماددی كە 80 جار زیاترە لەو پارهیهی لە باكووری سووریا دەستیاندەكەوێت.
یەكێك لەو چەكدارانە، كە ناوێكی خوازراو بەكاردەھێنی بە ئاژانسەكەی گوتووە، "پێش زیاتر لە هەفتەیەك ناوم نووسیوە بۆ چوونە ئازەربایجان.. بەرامبەر بە مووچەی دوو ھەزار دۆلار بۆ ماوەی سێ مانگ".
پێشووتریش ھەر یەك لە فەرەنسا، ئەرمینیا، رووسیا و ئەمەریكا توركیایان تۆمەتباركرد بوو بە ناردنی بەكرێگیراوانی سووریایی بۆ بەرەكانی جەنگ لە ھەرێمی قەرەباخ. ھەر یەك لە ئازەربایجان و توركیا ھەبوونی چەكدارانی سووریاییان لەو جەنگەدا رەتكردووەتەوە.