قوباد تاڵه‌بانی: هه‌ندێك نوێنه‌ری كورد له به‌غدا هۆكار بوون بۆ درووستبوونی روانگه‌یه‌كی نه‌رێنیانه له دژی هه‌رێمی كوردستان
K24 – هه‌ولێر:
له دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، قوباد تاڵه‌بانی وه‌ڵامی پرسیاری ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتارانی دایه‌وه و رایگه‌یاند، هه‌ندێك چاكسازیی پێویستیان به یاسا هه‌یه و هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین، سه‌رچاوه‌ی داهاتی حكومه‌ت فره چه‌شن بكه‌ین و ته‌نیا پشت به نه‌وت نه‌به‌ستین. گوتیشی: به‌شێك له هۆكاری رێكنه‌كه‌وتن له‌گه‌ڵ به‌غدا بوونی كێشه‌ی سیاسی و تێگه‌یشتنی هه‌ڵه‌یه، كه به‌داخه‌وه ژماره‌یه‌ك له په‌رله‌مانتاری كورد له به‌غدا هاوكار بوون بۆ بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و تێگه‌یشتنه هه‌ڵانه.
له وه‌ڵامی په‌رله‌مانتاراندا قوباد تاڵه‌بانی، باسی له پرۆسه‌ی دانووستانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كرد و گوتی: "سه‌ره‌تا كاتێك ده‌ستمان به دانووستان كرد، له مانگی حه‌وت و هه‌شتی ساڵی رابردوو، هه‌ستمان كرد، كۆمه‌ڵێك گرێ و كێشه وه‌ك جاران نه‌ماون و نیه‌تێكی باشتر بۆ رێككه‌وتن هه‌یه و شتی نوێمان ده‌بیست. ته‌نانه‌ت پرسی راده‌ستكردنی نه‌وت و قه‌رز و داهات له سه‌ر مێزی دانووستانه‌كان جێی باس نه‌بوو. له لایه‌ن ئێمه‌شه‌وه، گۆڕانكاری هه‌بوو له بۆچوونمان و وه‌ك پێشتر زۆر (حددی) نه‌بووین".
باسی له‌وه‌شكرد، "له دووه‌م رۆژی ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌مدا، شاندێك به سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چووینه به‌غدا و ئه‌و په‌یامه‌مان گه‌یاند، كه قوڵایی ستراتیژی هه‌رێمی كوردستان، به‌غدایه و ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ عێراق هه‌بێت، ئێمه نه‌چووینه واشنتن، تاران، ئه‌نقه‌ره، یه‌كه‌م سه‌ردانمان بۆ به‌غدا بوو و مه‌به‌ستمان بوو ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نین".
گوتیشی: "له مانگی ئۆكتۆبه‌ری (2019) خۆپیشاندانه‌كان له عێراق سه‌ریانهه‌ڵدا و بوونه هۆی پچڕانی دانووستانه‌كان، له كۆتایی (2019)شدا وه‌زیری هه‌رێم بۆ دانووستانه‌كان و وه‌زیری دارایی حكومه‌تی هه‌رێم چوونه به‌غدا و زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌یان كرد و گه‌یشتن به رێككه‌وتنێكی زۆر باش و گرنگ و هیوامان ئه‌وه بوو، ئه‌و رێككه‌وتنه ببێته بناغه بۆ پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی (2020)ی عێراق".
روونیشیكرده‌وه، "سێ رۆژ دوای ئه‌و رێككه‌وتنه‌ی له‌گه‌ڵ عادل عه‌بدولمه‌هدی كرا، كابینه‌كه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی ده‌ستیله‌كاركێشایه‌وه و عێراق كه‌وته بۆشاییه‌كی یاساییه‌وه، چونكه حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ر ده‌سه‌ڵاتی یاسایی ئه‌وه‌ی نه‌بوو، پڕۆژه‌ی بودجه‌ی (2020) گه‌ڵاڵه بكات، له سه‌ره‌تای (2020)یشدا، ئێمه كه‌وتینه دۆخێكی نوێوه و ململانێ سیاسییه‌كان له عێراق رێگربوون له پێكهێنانی كابینه‌یه‌كی نوێ و په‌تای كۆرۆنا هاته ئاراوه و دوای ئه‌وه هه‌وڵماندا جارێكی دیكه ده‌ست به دانووستان بكه‌ینه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه رێككه‌وتنێكی كۆتایی و هیوای ئه‌وه هه‌بوو، جارێكیدیكه عادل عه‌بدولمه‌هدی ببێته‌وه سه‌رۆك وه‌زیران، ئێمه هه‌ر له به‌غدا بووین، كه كابینه‌ی مسته‌فا كازمی سوێندی یاسایی خوارد و رۆژی دواتر چووینه لای و گوتمان ئێمه لێره‌ین بۆ ئه‌وه‌ی كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین و ده‌مانه‌وێت هاوكار بین بۆ چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كانی عێراق".
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، قوباد تاڵه‌بانی گوتی: "دوای ئه‌وه لیژنه‌یه‌كیان پێكهێنا و هه‌وڵمان بۆ ئه‌وه بوو، ئێمه به دوو قۆناغ بگه‌ینه رێككه‌وتن و قۆناغی یه‌كه‌می تا ئه‌و كاته بێت كه كار به بودجه‌ی (2020) ده‌كرێت و قۆناغی دووه‌میش ستراتیژی بێت و پێداچوونه‌وه‌یه‌كی گشتگیر به په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا بكرێت و هه‌وڵه‌كانمان به‌و ئاراسته‌یه بوو، كه رێككه‌وتنێكی كاتی بكرێت بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی عێراق، كه بۆشایی نه‌بوونی بودجه‌ی (2020)ی ئیتیحادی له ئارادایه".
قوباد تاڵه‌بانی به راشكاوی باسی له‌وه‌شكرد، "هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه له وڵاتێك كه خۆی گرفتاری چه‌ندین قه‌یرانی جۆراوجۆره و زۆربه‌ی ئه‌و كێشانه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هه‌ن، له عێراقیشدا هه‌ن، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له عێراقن به هۆی ئاڵۆزی زیاتر و گه‌وره‌یی وڵاته‌كه‌وه ره‌نگه زیاتر بن له هه‌رێمی كوردستان".
جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: "با واقیعی بین، ره‌نگه چاره‌سه‌ری كێشه‌ی ئێمه په‌یوه‌ست بێت به رێككه‌وتنێكه‌وه، به‌ڵام عێراق ناتوانێت كێشه‌كانی خۆی چاره‌سه‌ر بكات، ته‌نانه‌ت له دوا دانووستان باسی ئه‌وه‌م بۆ لایه‌نی عێراقی كرد، ئه‌گه‌ر كێشه‌كانی عێراق به بڕینی پشكی هه‌رێم چاره‌سه‌ر ده‌بێت، فه‌رموون چه‌ند مانگی دیكه‌ش مه‌یده‌ن و كێشه‌كه‌تانی پێ چاره‌سه‌ر بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌وان خۆیان دانیان به‌وه‌دا ناوه كه كێشه‌ی كورتهێنانی بودجه‌ی عێراق به پشكی هه‌رێم چاره‌سه‌ر نابێت. شه‌ڕێكی سیاسی له به‌غدا له ئارادایه و هه‌ندێك نایانه‌وێت بودجه په‌سند بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌غدا نه‌توانێت قه‌رز بكات و زیاتر قه‌رزی له‌سه‌ر كه‌ڵه‌كه بێت".
قوباد تاڵه‌بانی دووپاتی له مافی هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه و گوتی: "ئێمه به روونی به به‌غدامان وتووه، ناكرێت ره‌وشی عێراق باش بێت و ئێمه لێی بێبه‌ش بین و ئێمه وه‌ك هه‌رێم له قه‌باره و ئه‌ندازه‌ی خۆمان زیاتر مه‌ینه‌تی عێراق له ئه‌ستۆ بگرین و پشكی شێری مه‌ینه‌تی كورتهێنانی بودجه‌ی عێراق به‌ر هه‌رێمی كوردستان بكه‌وێت".
هه‌روه‌ها گوتی: سه‌ره‌ڕای هه‌موو ئه‌و بابه‌ته نیه‌تێك هه‌یه بۆ رێككه‌وتن، به‌ڵام ئه‌مه به ته‌نیا ناكرێت. حكومه‌ت كاری ته‌كنیكی رێككه‌وتنه‌كه ده‌كات. پێویسته هه‌موومان هه‌وڵبده‌ین، چونكه راڤه‌ی جیاواز بۆ ئه‌و پرسه هه‌یه و كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا به‌شێكی سیاسین و ته‌كنیكی نیین".
سه‌باره‌ت به هۆكاری سیاسی رێككنه‌كه‌وتنی هه‌ولێر و به‌غدا، قوباد تاڵه‌بانی ئاشكرایكرد، "راڤه‌ی جیاواز بۆ هه‌ندێك پرس هه‌یه، بچیته هه‌ر پارێزگایه‌كی عێراق، په‌نجه‌ی تۆمه‌ت بۆ هه‌رێمی كوردستان درێژده‌كه‌ن، گوایه هه‌رێم داهاتی خۆی ناگه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وان و له‌سه‌ر داهاتی پارێزگاكانی ئه‌وان ده‌ژیت. هه‌روه‌ها هه‌ندێك كه‌سی خۆمان له نوێنه‌رانی كورد له به‌غدا یارمه‌تیده‌ر بوون بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و تێڕوانینه درووست بێت و خه‌ڵك وابزانن هه‌رێمی كوردستان هۆكاری سه‌ره‌كی كێشه‌كانیانه له عێراق. ئێمه‌ش لایه‌نه‌كان و میدیاكانمان نه‌یانتوانیوه ئه‌و په‌یامه بگه‌یه‌نن. ئه‌وان ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ئێمه له‌گه‌ڵ ئێوه رێكبكه‌وین، شه‌قام لێمان قبوڵ ناكات، ئێمه‌ش له هه‌رێمی كوردستان رایگشتیی و شه‌قاممان هه‌یه".
جێگری سه‌رۆك وه‌زیران ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌شكرد، "له عێراقدا و لای ئێمه دوو تێڕوانین و وێناكردن هه‌ن، ئه‌وانیش له عێراق تێڕوانینێك هه‌یه پێی وایه هه‌رێمی كوردستان دوبه‌یه و هیچ كێشه‌یه‌كی نییه و له خۆشگوزه‌رانیدایه، كه ئێمه ده‌زانین به‌و جۆره نییه و كێشه‌مان هه‌یه. له هه‌رێمی كوردستانیش تێڕوانینێك درووست بووه و وای ده‌بینێت عێراق له رووی ئیداره و سیاسه‌تی داراییه‌وه سه‌ركه‌وتووه و هه‌موو شتێكی باشه. ئه‌مه‌ش راست نییه. ئه‌وان كێشه‌گه‌لێكیان هه‌یه كه ره‌نگه به‌شێكیان له سه‌رووی ئیراده‌ی خۆیانه‌وه بێت و ئێمه‌ش خاوه‌نی كێشه‌گه‌لێكین كه هه‌ندێكیان په‌یوه‌ندیان به خۆمانه‌وه هه‌یه‌وه هه‌شیانه په‌یوه‌ندی به ده‌ره‌وه‌ی ئیراده‌ی خۆمانه. بۆیه ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه، ئێمه له عێراق خاوه‌نی ده‌ستوورێكین، به هیچ شێوه‌یه‌ك سازش له‌سه‌ر ئه‌و مافانه ناكه‌ین، كه له‌و ده‌ستووره‌دا بۆمان دیاریكراوه".
سه‌باره‌ت به ناوخۆش گوتی: "له (2014)ه‌وه هه‌ستمان كرد، گرفتمان هه‌یه و ده‌ستمان به هه‌ندێك رێككار بۆ چاكسازی كرد، كابینه‌ی نۆیه‌میش له كارنامه‌ی خۆیدا جه‌ختی له‌سه‌ر پرۆسه‌ی چاكسازی كردووه‌ته‌وه و به‌شێكه له كارنامه‌كه‌ی و هه‌موو هه‌وڵێكمان بۆ ئه‌وه‌یه سه‌رچاوه‌ی داهات فره‌چه‌شن بكه‌ین و كه‌رتی كشتوكاڵی بكه‌ینه پشتیوان بۆ سه‌رچاوه‌ی داهاتی نه‌وتی و هه‌ندێك چاكسازیش پێویستی به یاسا هه‌یه و دێینه‌وه په‌رله‌مان و پڕۆژه‌ی یاسای نوێ ده‌نێرین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌و پرۆسه‌یه سه‌ركه‌وێت".
داڕشتنه‌وه: ئ.ر