دوو زانای ژن خەڵاتی نۆبڵی کیمیایان وەرگرت؛ داهێنانەکەیان رەنگە نەخۆشیی بۆماوەیی نەهێڵێت

ئێستا بۆ تووشبووانی شێرپەنجەش تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت

K24 - هەولێر

ئەکادیمیای شاهانەی سویدی بۆ زانستەکان بڕیاریدا خەڵاتی نۆبڵی 2020ـی بواری کیمیا بداتە ئیمانوێل شاربانتیێی فەرەنسی و جێنیفەر داودنای ئەمەریکی، کە هەردووکیان زانای بواری بۆماوەیین و بەیەکەوە پەرەیان بە "مقەسی بۆماوەیی" داوە، داهێنانەکەیان شۆڕشێکە لە بواری کیمیا و هیوای ئەوە دەبەخشێت بەهۆیەوە نەخۆشییە بۆماوەییەکان بنبڕبکرێن.

مقەسی بۆماوەیی (CRISPR/Cas9) کە دوو زاناکە پەرەیان پێداوە؛ ئامێرێکە بۆ نووسینەوەی کۆدی ژیان، لەڕێگەیەوە ئەو جیناتانەی هەڵگری هەندێک سیفەتی نەخوازراون، دەبڕێن و کۆدەکە دووبارە دەنووسرێتەوە.

ئەمڕۆ (چوارشەممە، 7-10-2020) ئەکادیمیاکە رایگەیاند: لەرێگەی داهێنانەکەی ئیمانوێل و جێنیفەر دەتوانرێت ترشی ناوەکی (DNA) ئاژەڵان و رووەک بگۆڕێت، ئەو تەکنەلۆژیایە شۆڕشێکە و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر ژیان دەبێت، بەجۆرێک لە چارەسەرێکی نوێ بۆ شێرپەنجە بەکاردێت و رەنگە ئەو خەونە بهێنێتە دی کە چیدیکە نەخۆشی بۆ ماوەیی نەگوێزرێنەوە".

ئەکادیمیای شاهانەی سویدی بۆ زانستەکان دەڵێ "توانایەکی بێشومار لەو ئامێرەدا هەیە، کە کاریگەریی لەسەر هەمووان دەبێت... بە بەکارهێنانی CRISPR/Cas9 ئێستا دەتوانرێت کۆدی ژیان لەماوەی چەند هەفتەیەکدا بگۆڕدرێت".

ئەو دوو زانایە لە ساڵی 2012 ئەو CRISPR/Cas9 ـیان دۆزییەوە و لەوکاتەوە لە چەندین بواری وەکو لێکۆڵینەوە لە رووەک بەکارهاتووە و بەهۆیەوە توانراوە رووەک وای لێبکرێت بەرگەی مێروو و وشکی بگرێت، هەروەها لەبواری پزیشکیدا بەکارهاتووە و ئێستا بۆ تووشبووانی شێرپەنجەش تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت، هەروەها وەکو ئەکادیمیاکە دەڵێت "خەونی نەهێشتنی نەخۆشیی بۆماوەیی خەریکە بەهۆی ئەوە داهێنانەوە دێتە دی".