فەرمانداری ھێزەكان وشكایی فەرەنسا: پێویستە خۆمان بۆ رووبەڕووبوونەوە گەرمەكان ئامادە بكەین
K24 – ھەولێر:
فەرمانداری ھێزەكانی وشكایی فەرەنسا، تیری بیركارد، رایگەیاند، پێویستە سوپای وڵاتەكەی "لە ئامادەباشی تەواودا بێت بۆ رووبەڕووبوونەوە توند و گەرمەكان".
لەھەڤپەیڤێنێكدا لەگەڵ رۆژنامەی "لۆفیگارۆ" گوتی: "جیھان ھاوسەنگی نوێ بەخۆیەوە دەبینێت".
گوتیشی: ھەرچەند ھیچ مەترسییەك نییە، كە ھەڕەشە لە سنوورەكانی فەرەنسا بكات؛ بەڵام ھەندێك لە یاریكەران ھەوڵی ھەراسانكردن و زیادكردنی مەترسییەكان دەدەن".
جەختیشیكردەوە لەوەی سوپای فەرەنسا نابێت خۆی رادەستی ھیچ فشارێك بكات، ئەمەش بەرێگای درووستكردنی سووپایەكی توند و نموونەیی" كە چۆك بە دوژمنانی مەزندەكراو بدات لە ھەراسانكردنمان".
لێدوانەكانی بیركارد دوای ئەو ھەڵچوونانەی ئەم دواییە دێت لە زمانی نێوان پاریس و ئەنقەرەدا پاش ئەوەی توركیا كاری گەڕانی بەدوای سەرچاوەكانی وزە لە رۆژھەڵاتی دەریای ناوەڕاستدا ئەنجامدا.
ماكرۆن لە مانگی رابردوو زۆر بەتوندی رەخنەی لە توركیا گرت، بەتایبەتی لەسەر "ھەراسانكردنی" كەشتییەكی فەرەنسایی و گوتی: ئیتر فەرەنسا توركیا بە ھاوبەش نازانێت لە پێشخستنی دەریای ناوەڕاستدا. لە لای خۆیەوە، ئەنقەرە بە چەندین لێدوانی ھێڕشكارانە وەڵامی دایەوە.
سەرچاوە: ئاژانسەكان