هه‌سه‌ده‌ و هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ئۆپراسیۆنێكی هاوبه‌شیان له‌ دێرزوور ئه‌نجامدا

به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی چوار ئه‌ندامی "هه‌سه‌ده‌"

K24 – هه‌ولێر:

هێزه‌كانی سووریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌)، له‌گه‌ڵ هێزێكی سوپای ئه‌مه‌ریكا، له‌ شاره‌دێی "ذیبان"یان له‌ ده‌وروبه‌ری خۆهه‌ڵاتی "دێرزوور" بڵاوبوونه‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی بكوژانی  چوار ئه‌ندامی "هه‌سه‌ده‌"، كه‌ له‌و ناوچه‌یه‌ ته‌قه‌یان لێكرابوو.

سه‌رچاوه‌ ناوخۆییه‌كان له‌ "دێرزوور" ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، چوار شه‌ڕڤانی هێزه‌كانی سووریای دیموكرات له‌و ناوچه‌یه‌ له‌ لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراو ته‌قه‌یان لێكرا و كوژران و دوای ئه‌و رووداوه‌، هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ به‌ یاوه‌ری سوپای ئه‌مه‌ریكا روویان له‌ ناوچه‌كه‌ كردووه‌ و ده‌ستیان به‌ گه‌ڕان و پشكنین كردووه‌ به‌ مه‌به‌ستی دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران.

سه‌رچاوه‌ خۆجێیه‌كان ئاماژه‌یان به‌وه‌داوه‌، هێزه‌ ئه‌مه‌ریكاییه‌كان و هه‌سه‌ده‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك كه‌سیان ده‌ستگیركردووه‌، كه‌ گومانده‌كرێت، په‌یوه‌ندییان به‌ تیرۆركردنی ئه‌ندامه‌كانی هه‌سه‌ده‌وه‌ هه‌بووبێت.