دوو كه‌س به تۆمه‌تی تیرۆركردنی "به‌شیر كوریه" ده‌ستگیركران
K24- هه‌ولێر:
ده‌سه‌ڵاتدارانی خۆجێیی ناحیه‌ی ئه‌لقوشی سه‌ر به ده‌شتی نه‌ینه‌وا ئاشكرایانكرد، له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند زانیارییه‌كی هه‌واڵگری كه هێزه‌كانی ئاسایش به ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی عێراقیان داوه، دوو داواكراو به تۆمه‌تی تیرۆركردنی به‌شیر كوریه، بزنسمانی ئێزدی ده‌ستگیركران.
هه‌فته‌ی رابردوو به‌شیر كوریه، بزنسمانی ئێزیدی له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری نه‌ناسراوه‌وه له گوندی بیبانی سه‌ر به ناحیه‌ی ئه‌لقوش، دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له پرسه‌ی بابا شێخ، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی رووحانی و رابەری رووحی ئایینی ئێزدی ده‌ستدڕێژی گوللـه‌ی لێكرا و تیرۆركرا.
له لێدوانێكدا تایبه‌ت به كوردستان24، لارا یوسف زارا، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی ئه‌لقوش ئاشكرایكرد، هێزه‌كانی ئاسایش له ناوچه‌كه زانیاری هه‌واڵگرییان به هێزه ئه‌منییه‌كانی عێراق داوه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زانیارییانه توانییان شوێنی هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه له شاری به‌غدا ده‌ستنیشان بكه‌ن و شه‌وی رابردوو هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه ده‌ستگیركران.
هه‌روه‌ها گوتیشی: پرۆسه‌ی ده‌ستگیركردنه‌كه به هه‌ماهه‌نگی نێوان هێزه‌كانی ئاسایش و دادگای لێكۆڵینه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا ئه‌نجامدرا و ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئێستا په‌ڕاوی لێكۆڵینه‌وه بۆ هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه كراوه‌ته‌وه.
هاوكات وه‌زاره‌تی به‌رگری عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا رایگه‌یاند، هه‌ردوو تۆمه‌تباره‌كه له گه‌ڕه‌كی تونس له شاری به‌غدا له‌لایه‌ن "فه‌وجی یه‌كی سه‌ر به لیوای 44 له فیرقه‌ی 11ی پیاده"ـه‌وه به هاوكاری هه‌واڵگری ده‌ستگیركراون.
به‌یاننامه‌كه ته‌نیا ئاماژه‌ی به‌وه داوه، "پرۆسه‌كه له‌سه‌ر بنه‌مای چه‌ند زانیارییه‌كی هه‌واڵگری ئه‌نجامدراوه".
ئه‌مه له‌كاتێكدایه، به‌رپرسانی ئه‌منی له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیی هه‌ماهه‌نگی ئه‌منی له نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن سه‌قامگیری بۆ هه‌موو وڵات ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.
H.B