ئاژانسی سانا: ئەمەریکا 20 تانکەر نەوتی بە قاچاغ گواستەوە عێراق

زۆربەی بیرە نەوتەکانی ناوچەی جەزیرە لەژێر دەسەڵاتی هەسەدە و هێزەکانی ئەمەریکادان

K24 - هەولێر

ئاژانسی سانای فەرمیی سووری بڵاویکردەوە؛ ئەمەریکا 20 تانکەر نەوتی لە خاکی سووریاوە بەرەو عێراق گواستووەتەوە.

ئاژانسەکە دەڵێ: ئەو 20 تانکەرە نەوتە ئێوارەی رۆژی شەممە (10-10-2020) لە بیرە نەوتەکانی ناوچەی جەزیرەی سووری (حەسەکە، رەققە و دێرەزوور دەگرێتەوە) بۆ نێو خاکی عێراق گواستراونەتەوە لەڕێگەی دەروازەی سنووریی وەلید.

دەروازەی سنووریی وەلید کە لە دیوی سووریا بە تەنەف ناسراوە، یەکێکە لە سێ دەروازە سنوورییە فەرمییەکانی نێوان عێراق و سووریا و دەکەوێتە سنووری پارێزگای ئەنبار.

ئاژانسە سوورییەکە باس لەوەش دەکات هێزەکانی ئەمەریکا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا چەک و سەربازیان رەوانەی دەوروبەری بیرە نەوتەکان کردووە، لە ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـدان.

ئەمە، یەکەمجار نییە ئاژانسەکە ئەو تۆمەتە بداتە پاڵ هێزەکانی ئەمەریکا؛ مانگی رابردووش بڵاوی کردبووەوە 30 تانکەر نەوت لە بیرە نەوتەکانی جەزیرەی سووری بە هەمان دەروازەی سنووری لەلایەن ئەمەریکاوە رەوانەی عێراق کراون.

بەگشتی ئێستا سەرجەم بیرە نەوتەکانی پارێزگای حەسەکە و بەشێکی زۆری بیرە نەوتەکانی دێرەزوور لەژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئەمەریکادان. سووریاش بەردەوام ئەمەریکا تۆمەتبار دەکات لە بەقاچاغبردنی نەوتی سووریا.

هەرچەندە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 واژۆی لەسەر پلانی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سووریا کرد، بەڵام دواتر لەئەنجامی فشاری ئیدارەکەی رازیبوو بە مانەوە 1000 سەرباز بۆ گەرەنتیکردنی دەسەڵاتی ئەمەریکا لە پاراستنی کێڵگە نەوتییەکانی باکووری ئەو وڵاتە.