تەقینەوەیەكی دیكە دژی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا ئەنجامدرا

حزبوڵڵای عێراقی: ھەموو چەكێكی بەردەست بەكاردەھێنین؛ ئەگەر ئەمەریكا لە عێراق مایەوە

K24 – ھەولێر:

دەسەڵاتدارانی ئەمنی عێراقی ئەمڕۆ یەكشەممە رایانگەیاند، پاش چەند رۆژێك لە ھێوربوونەوە، جارێكی دیكە، كاروانێكی لۆجیستی دیكەی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە باشووری عێراق كرایە ئامانجی تەقینەوەیەك.

دوای ھەڕەشەكەی واشنتن بە كشاندنەوەی باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا و ھەوڵەكانی حكومەتی عێراق بۆ رێگاگرتن لەو ھێرشانە، كردەوەكانی بە ئامانجكردنی بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا ھێوربوونەوەیەكی بەخۆیەوە بینی بوو لە عێراقدا.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیاندراوێكدا گوتی: "كاروانێكی گواستنەوەی كەلوپەلەكانی پاشكشەكردنی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بە بۆمبێكی چێنراو لە سەر رێگای شارەكانی سەماوە و دیوانییە لە باشووری عێراق كرایە ئامانج، ئاشكراشیكرد ئەو ئەو كاروانە كەلوپەلەكانی بە رێگای كۆمپانیا عێراقییەكان دەگواستەوە و شوفێری كاروانەكان عێراقی بوون و یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان زیانی بەركەوتووە".

ئەفسەرێكی ئەمنیش لە پارێزگای دیوانییە جەختیكردەوە، "ئەو ناوچەیەی تەقینەوە تێیدا روویداوە، ناوچەیەكە دوورە لە شار و ھێزە ئەمنییەكانی عێراقی كە یاوەری كاروانەكە بوون لە ناوچەكە بڵاوەیان كرد بەمەبستی دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكە، بەڵام تەنھا ئامێری تەقاندنەوەكە دۆزرایەوە و كەسمان لە ئەنجامدەرانی ئەو كردەوەیە نەگرت".

ئەم تەقینەوە لەكاتێكدایە كۆمەڵه‌ میلیشیایەكی سەر بە ئێران، كە ناویان لەخۆ ناوە "دەستەی ھەماھەنگی بەرخودانی عێراقی" دۆێنێ شەممە، بڕیاریدا "دەرفەتێكی مەرجدار" بە ئەمەریكا بدات بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری كشانه‌وه‌ی ھێزەكانی خۆی لە عێراقدا، پاساویشی بۆ ئەم ھەنگاوە به‌ده‌مه‌وه‌ھاتنی ئەو ھەوڵانەیە، كە ھەندێك لە كەسایەتییەكان لەم چواچێوەیەدا ئەنجامیانداوە. 

لە لای خۆیەوە، میلیشیای " ھاوڕێیانی ئەشكەوت" لە تویتێكدا لە پێگەی "تویتەر"  گوتی: "نە تانكە ئەبرامزەكانتان دەتانپارێزی و نە بڵاوكردنەوەی ئەمنیی لە دەرەوه‌ی حەشارگە و شەیتانی (ناوچەی سەوز) دەتانپارێزێ و ھێچ ئەمانتان نابێت لە عێراق".

ھەر ئەمڕۆ، یەكشەممە، گوتەبێژی فەرمیی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراقی، محەمەد موحیی جەختیكردەوە، ھەموو چەكێكی بەردەست بەكاردەھێنین؛ ئەگەر ئەمەریكا لە عێراق مایەوە".

موحیی گوتی: ھەڕەشەكانی ئەمەریكا بە داخستنی باڵیۆزخانەكەی، كارەكانی ئاڵۆز كردووە و پێویست بەھێوركردنەوەی گرژییەكان دەكات و گرووپە عێراقییەكان "ھەموو چەكێكی بەردەست بەكاردەھێنن" ئەگەر ھێزەكانی ئەمەریكا بۆ ماوەیەكی دەستنیشاننەكراو مانەوە".

روونیشیكردەوە، گرووپەكان،  لەسەر "ئاگربەستێكی مەرجدار"رازیبوونە ھێرشەكانیاندا بۆ سەر ھێزەكانی ئەمەریكا راگرن.