یەكەم كارگەی دروستكردنی سندووقی پلاستیكی لە ھەڵەبجە كرایەوە

كارگەكە سوود لە پاشماوە پلاستیكییەكان وەردەگرێت بۆ دروستكردنی سندووق
kurdistan24.net

K24 - ھەڵەبجە

لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە یەكەم كارگەی دروستكردنی سندووقی پلاستیكی كرایەوە، كە سوود لە پاشماوە پلاستیكییەكان وەردەگرێت بۆ دروستكردنی سندووق، بەگوتەی خاوەن كارگەكە پێشتر لەكاتی پێگەیشتنی بەرھەمی ناوخۆ بە ھەزاران سندووق لە ئێران دەھێندرایە ھەرێمی كوردستان، بەڵام ئێستا لە ھەڵەبجە دروستی دەكەن و بێ بەرامبەر دەدرێتە جوتیارەكان، لەگەڵ ئەوەشدا دەیان كەس لە كارگەكە ھەلی كاریان بۆ رەخساوە.

بەکارهێنان و فڕێدانی پاشماوە پلاستیکییەکان هۆکارێکی سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگە، بۆیە چالاکوانانی بواری ژینگە پێیان وایە دروستکردنی ئەو جۆرە کارگانەی کە سوود لە پاشماوە پلاستیکییەکان وەردەگرن و دووبارە بەکارهێنانەوەیان هەنگاوێکی گرنگە و پێویستە زیاتر پشتگیریان بکرێت.

لە كارگەی دروستكردنی سندووق لە ھەڵەبجە دوو تۆن پلاستیک بەکاردەهێندرێت، لە هەر خولەکێکدا دوو سندووق بەرهەمدەهێندرێت، مانگانە 80 هەزار سندووق لەنێو کارگەكە بەرهەمدەهێنرێت، ئەو جوتیارانەی ساڵانە تەماتەکانیان دەنێرنە کارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور، بەبێ بەرامبەر سندووقی پلاسکتیکیان پێدەدرێت، هەرچیەکیش لەو جوتیارانە زیاد بێت بە نرخێکی کەم دەخرێتە بازاڕەوە. ئەمە جگە لەوەی هەلی کاری بۆ چەندین کەسی نێو پارێزگای هەڵەبجە رەخساندووە.