وەزیری كارەبا واژووی لەسەر 4 پڕۆژەی كارەبا لە هەولێر كرد

ئەو پڕۆژانە رۆڵێكی گرنگیان دەبێت لەچارەسەركردنی بارزۆری سەر تۆڕەكانی كارەبا

K24 – ھەولێر:

كەمال محمد ساڵح وەزیری كارەبا لەنووسینگەی تایبەتی خۆی چوار گرێبەستی تایبەت بەراكێشانی فیدەرەكانی كارەبا لەگەڵ كۆمپانیای پاڵۆس واژووكرد.

لەرێورەسمی واژووكردنی گرێبەستەكەدا وەزیری كارەبا داوای لەكۆمپانیای ناوبراو كرد لە ماوەی دیاریكراوی خۆیدا كە 60 رۆژە پڕۆژەكە ئەنجام بدرێت و پابەندی كوالێتی بەرز و رێنمایی و راسپاردەكانی وەزارەت بێت.

هەروەها جەختیكردەوە، ئامانج لەهەر چوار پڕۆژەكە خزمەتكردنی خەڵكە و چارەسەركردنی بارزۆری سەر تۆڕەكانی كارەبایە بەتایبەتی لەوەرزی زستاندا.

لای خۆیەوە بەڕێوبەری رێپێدراوی كۆمپانیای پاڵۆس سوپاسی وەزیرو ستافی وەزارەتی كرد بۆ ئەو ئاسانكاریی و هاوكارییەی پێشكەشیان كراوە و بەڵێنیان دا لەكاتی خۆیدا پڕۆژەكە جێبەجێبكرێت.

پڕۆژەی دەرهێنانی 5 فیدەر لەوێستگەی مۆبایلی دارەشەكران و 5 فیدەری دیكە لەوێستگەی مۆبایلی ئازادی و ئازادی نوێ و دەرهێنانی 5 فیدەری 11 كەی ڤی لەوێستگەی رووناكی و دەرهێنانی 3 فیدەری 11 كەی ڤی لەوێستگەی گردجوتیارو 1 فیدەر لەوێستگەی كەسنەزان؛ رۆڵێكی گرنگیان دەبێت لەچارەسەركردنی بارزۆری سەر تۆڕەكانی كارەبا.