بۆ دابینکردنی مووچە حکوومەتی عێراق پێویستی بە قەرزی دیکەیە

وەزاره‌تی دارایی داوای رەزامەندی وەرگرتنی قەرز لە پەرلەمان دەکات

K24 – ھەولێر:

قەیرانی دارایی و ئابووری بەرۆکی عێراقی گرتووە، حکوومەت لە دابینکردنی مووچە و خەرجییەکانی دووچاری کێشە بووەتەوە. بەشیر حەداد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگەیاند، وەزارەتی دارایی داوای رەزامەندی بۆ وەرگرتنی 41  ترلیۆن دینار پێشکەش بە پەرلەمان کردووە، بەڵام لە پەرلەمان کار بۆ لێپێچینەوە و لە کار دوورخستنەوەی وەزیری دارایی دەکرێت.

قەیرانی دارایی حکوومەتی عێراقی ناچارکرد پەڕاوی چاکسازی ئابووری بۆ پەرلەمان بکات و داوای رەزامەندی بۆ وەرگرتنی قەرز بکات. کە لە مانگی نیسانەوە بەهۆی داڕمانی نرخی نەوتەوە تاوەکو ئێستا حکوومەت بە دەست دابینکردنی مووچە و کەمکردنەوەی قەبارەی خەرجی بەکاربردنەوە دەناڵێنێت.

بەشیر حەداد لە لێدوانێكدا بۆ کوردستان24 ئاشکرایكرد، وەزارەتی دارایی پڕۆژەی یاسای قەرزی ناوخۆیی و دەرەکی پێشکەشی سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە. داوای رەزامەندی بۆ وەرگرتنی41 ترلیۆن دینار قەرزی كرد، بۆ ئەوەی تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ مووچەی فەرمانبەران گەرەنتی بکات و کورتهێنانی داراییەکەشی پڕبکاتەوە. ئەم هەفتەیەش دەخرێتە کارنامەی کۆبوونەوەکان و خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ دەکرێت. بەڵام کوردستان24  زانیویەتی کە زۆرینەی پەرلەمانتاران ناڕازین و بەڵکو ئیمزا کۆدەکەنەوە بۆ لێپێچینەوە لە وەزیری دارایی. بۆ ئەوەش سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق کار بۆ بانگهێشتکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و عەلی عەلاوی، وەزیری دارایی دەکات.

ئەمە لە کاتێکدایە حکوومەتی عێراق نزیکەی 19 ملیار دۆلاری قەرزکردووە، بۆ ئەوەی چارەسەری قەیرانی دارایی بکات و مووچەی فەرمانبەران بۆ سێ مانگ دابینبکات، کە بەهۆی داڕمانی نەوتەوە دووچاری بووەتەوە.

لەبارەی پەڕاوەکەشەوە کە بڕیارە رەوانەی پەرلەمانی بکات، حەسان تۆفیق رکابی پەرلەمانتاری عێراق گوتی: ئەو داواکارییەی حکوومەتی کازمی پێشکەشیکردووە بۆ چارەسەرکردنی دۆخی ئابووری وڵاتە و جەختی لە دوو لایەنی زۆر گرنگ کردووەتەوە کە لە ماوەیەکی کەمدا کاریگەری هەبێت. یەکەمیان: راگرتنی بە هەدەردانی خەرجی گشتی دەوڵەت، بۆ نموونە گازی هاوردەکراوی ئێران بە نرخی سێ هێندە دەکڕن و دواتر بەکۆمپانیای بەرهەمهێنانی کارەبای لە ناوچەی بەسمایەی دەدەن، ئەویش کارەبا بە نرخێکی سێ هێندە بە حکوومەت دەفرۆشێتەوە، ئەوەش بەهەدەردانی گەورەی داراییە. لایەنی دووەمیش: زیادکردنی داهاتی گشتییە. ئەویش بە کۆکردنەوەی باجی راستەوخۆ و داهاتی خاڵە سنوورییەکان.

لەوبارەیەوە شارەزایان، ئەگەری دووبارەبوونەوەی درەنگکەوتنی مووچەی فەرمانبەران و هەڵکشانی ناڕەزایەتییەکان بە دوور نازانن. هۆکارەکەشی بۆ داکەوتنی پارەی کاش لە وڵات و ئاڵۆزبوونی سیاسەتی دارایی دەگەڕێننەوە.