پێكوته‌ی "BCG" وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ كۆرۆنا پزیشكان له‌ده‌وری خۆی كۆده‌كاته‌وه‌

ماوه‌ی 100 ساڵه‌ وه‌ك چاره‌سه‌ری سیل به‌كارده‌هێنرێت
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:‌

پزیشکان لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی فراوانیان دەستپێکردووە، بۆ ئەوەی بزانن ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەری نەخۆشی سیل بەکارھاتووە، بۆ چارەسەری کۆڤید ١٩ش دەگونجێت؟، له‌كاتێكدا نزیكه‌ی‌ 100 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ڤاکسینی بی سی جی بەکارھاتووە، ئێستا جارێکی دیکە پزیشکانی ئەوروپا و ئوسترالیای لە دەوری یەك کۆکردوونەتەوە و دەیانەوێت دوایین وەڵامی مرۆڤایەتی بدەنەوە.

له‌ سه‌نته‌رێكی پزیشكی لە زانکۆی ئیگزێتەر لە بەریتانیا لێکۆڵینەوەیەکی پزیشکی بەناوی: "کەمکردنەوەی کاریگەری کۆڤید -19 لەرێگەی بی سی جییەوە" ئه‌نجام ده‌درێت.

ھەمان تاقیکردنەوە لە ئوسترالیا، ھۆڵەندا، ئیسپانیا، یۆنان، ئەڵمانیا، دانیمارك، ئەمه‌ریکا و بەرازیلیش بەرێوەدەچێت. زیاتر لە 10 ھەزار لە ستافی پزیشکی بەشدارییان تێدا کردووە.

ساڵانە لە ھەموو جیھان ئەو پێکوتەیە دەدرێت بە زیاتر لە 130 ملیۆن منداڵ بۆ رێگریكردن لە نەخۆشی سیل.

بەڵام بەھۆی کەمبوونەوەی رێژەی تووشبوون بە سیل له‌ ساڵی 2005 ئەو پرۆگرامە لە بەریتانیا وەستێنرا.

بۆ یەکەمجار بی سی جی لە ساڵی 1908 لەلایەن پزیشکانی فەرەنساوە دەستی پێکرا، دواتر و لە ساڵی 1921 ئامادەبوو.

بی سی جی کورتکراوەی ناوی دوو زانایە کە ڤاکسینەکەیان دۆزیەوە. تیوبەر کیلۆوسس یان ئەوەی پێی دەوترێت، سیل بەھۆی بەکتریاوە مرۆڤ تووشی دەبێت و بەکتریاکە ھێرش دەکاتەسەر سیەکان و سیستمی ھەناسەدان تێکدەدات و کۆکەیەکی وشك و توندیشی لەگەڵدایە.

بی سی جی خۆی ھێرش ناکاتە سەر ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام سیستمی بەرگری لەش زۆر بەھێز دەکات.

نايجڵ كێرتیس، پرۆفیسۆر و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی پزیشکی له‌وباره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێت: "خاڵی سەرنجراکێش لەبارەی بی سی جیەوە ئەوەیە، کە ئێمە دڵنیاین کاریگەری و بەرگری ھەیە لە بەرامبەر نەخۆشی سیل. کەواتە روونە ئەم دەرمانە بەرگری لەش بەھێز دەکات لەبەرامبەر ھەموو نەخۆشیەکان، لەناویشیاندا ڤایرۆسەکەکان. لەگەڵ ھەمو ئەمانەشدا ئێمە داوا لە ھەموولایەك دەکەین، ئەم بی سی جییە لە دەرەوەی رێنمایی پزیشکی بەکارنەھێنن. ئەوانەشی کە پێشتر بەکاریانھێناوە، دەتوانن جارێکی دیکە بەکاری بھێنن و بەرگرییان ھێشتا بەھێزتر دەکات."

لێکۆڵینەوەکە لە کاتێکدایە کە وڵاتان خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی دووەمی کۆرۆنا ئامادە دەکەن.

زیاتر لە 100 ھەوڵ بۆ دۆزینەوەی ڤاکسین لە جیھان دەستیان پێکردووە. پێشبینی دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ڤاکسین ئامادەبێت. بەڵام کێشەکە ئەوەیە، ڤاکسینەکەش ئامادە بێت چەندین مانگی دەوێت تا دەگاتە ھەموو خەڵکی جیهان.

له‌مباره‌شه‌وه‌ میھای نێتیا، شارەزای نەخۆشییە گوازراوەکان ئاشكرای ده‌كات، "زۆر گرنگه‌ تا ئه‌و کاتەی ڤاکسینێکی کاریگەرمان دژی کۆڤید -19 دەست دەکەوێت ئەم بی سی جییە بەکاربھێنرێت. ئەگەر ئەم ھەوڵەشمان سەرکەوتوو بێت بۆ ماوه‌ی 2 تا 3 ساڵە، تا ئەو کاتەی کە ڤاکسینەکە بە ھەموو جیھاندا بڵاودەبێتەوە."

بی سی جی نرخی ھەرزانە و ئاسان دروست دەکرێت. ترسی ئەم پزیشکانە ئەوەیە، لەگەڵ بڵابوونەوەی ئەم ھەواڵ نرخەکەی زیاد بکات و چیتر وەك پێویست نەگاتە دەستی ئەو کەسانەی کە پێویستیانه‌.

تا ئێستاش بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیھانی، ساڵانە 10 ملیۆن کەس لە جیھان تووشی سیل دەبن و لەو ژمارەیەش ملیۆن و نیوێکیان بەھۆیەوە گیان لەدەستدەدەن.

H.B