پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی "دووەم گەورە تۆمەتبار" رادەگەیەنێت

بە شەش ماددەی یاسایی تۆمەتبارە
kurdistan24.net

 

K24 - هەولێر

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی ھەولێر یەکێک لە گەورەترین تۆمه‌تبارەکانی لە ھەولێر ده‌ستگیرکرد، کە بە شەش ماددەی یاسایی تۆمەتبارە و، ئێستا دۆسیەکەی رەوانەی دادگا کراوە. لە ماوەی یەک ھەفتەشدا ئه‌مه‌ دووەم تۆمەتباری گەورەیە، كه‌ دەستگیرکردنه‌كه‌ی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی ھەولێر ئاشکرا دەکرێت.

ئەو دەستگیرکراوە بە ماددەکانی 405 بڕگەی 31 و 342 و 421 و ماددەی 14ـی ماددە ھۆشبەرەکان، لەگەڵ دوو ماددەی 456 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارە.

تۆمەتبارەکە ناوی (س. ر. ح.)ـە و لەگەڵ دەستگیرکردنی بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی و ماددەی هۆشبەر دەستیان بەسەرداگیراوە.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر بە کوردستان 24ـی راگەیاند "ئەو کەسە لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر داواکراو بوو، عەمید دلێر نەجار، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای هەولێر فەرمانی بە پۆلیسی بەشی رۆژهەڵات کرد بە پێکهێنانی تیمێک بۆ دەستگیرکردنی تاوەکو بیدەن بە دادگا".

لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە، بە گوتەی گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر "زیاتر لە حەوت کلاشینکۆڤی جۆراوجۆر، زیاتر لە سێ دەمانچەی جۆراوجۆر و حەوت نارنجۆک و 304 فیشەکی کلاشینکۆڤ دەستیان بەسەرداگیراوە".

تۆمەتباری دەستگیرکراو جگە لە بەکارھێنەر، یەکێک بووە لە بازرگانە گەورەکانی ماددەی ھۆشبەر، جگە لە ھەڵخەڵەتاندن و ھەڕەشەکردن لە ھاووڵاتییان، تۆمەتبار لەبەردەم دادوەر دانی بە سەرجەم تاوانەکانیدا ناوە و دۆسییەکە رێڕەوی یاسایی خۆی وەرگرتووە.

گوتەبێژی پۆلیسی ھەولێر باس لەوەش دەکات "ئەو کەسە، ماددەی هۆشبەری جۆری کریستاڵی ساغدەکردەوە، کە 152 گرام کریستاڵ، 35 گرام حەشیش و 421 گرام جامایکای پێبووە، ئەمەش جۆرێکە لە ماددەی هۆشبەر، هەروەها 76 دەستە حەبی ترامادۆڵ کە ئەمەش ماددەی هۆشبەرە".

 

هـ.ر.