رێبه‌ر ئه‌حمه‌د: له‌ ئاستی هاوكارییه‌كان بۆ ئاواره‌كان نیگه‌رانین

هه‌ولێر و به‌غدا ده‌یانه‌وێ كۆتایی به‌ دۆسیه‌ی ئاواره‌كان بهێنن
kurdistan24.net

K24 – ھەولێر:

وه‌زیری ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند له‌ 60% پێداویستی ئاواره‌كان له‌ لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دابین ده‌كرێت، به‌ راشكاوانه‌ش به‌ حكومه‌تی فیدراڵیمان راگه‌یاندووه‌، هاوكاریی هه‌رێمی كوردستانیان بۆ دابینكردنی پێداویستی ئاواره‌كان نه‌كردووه‌.

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدراڵی تاوتوێی پلانێكی نیشتمانی ده‌كه‌ن بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان و داخستنی كه‌مپه‌كان، وه‌زیری كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق گوتی: كه‌مپه‌كان به‌ سێ قۆناغ داده‌خرێن.

جه‌ختیشیكرده‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌ری له‌ ته‌واوی پێكهاته‌كاندا داڵده‌ داوه‌، ئه‌مه‌ش‌ قورسایه‌كی زۆر بوو له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌.

ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ھاوکاریکردنی ئاوارەکان ئەنجامدرا، حکومەتی ھەرێمی کوردستان داوایكرد حکومەتی عێراق، ئەم ساڵ ھاوکاریان بکات بۆ ھاوکاریکردنی زیاتری ئاوارەکان، چونکە شەش ساڵ زیاترە حکومەتی ھەرێم بە تەنھا ھاوکاری پێشکەشکردووە و لەسەر ئەم سیاسەتەش لە پێشتر باشتر بەردەوام دەبێت.

حکومەتی عێراق ھەنگاوەکانی گەڕانەوەی ئاوارەکانی پارێزگاکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق خێراتر دەکات، چەن کەمپێکیش لە ھەرێمی کوردستان دادەخات، حکومەتی عێراق ستایشی پێشکەشکردنی ھاوکارییە نموونەییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان كرد، کە لە ئێستا و لە ساڵانی رابردووەوە بۆ ئاوارەکانی عێراق کردوویەتی.

بڕیارە کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ھاوکاریکردنی ئاواره‌کان، لە بەغدا ئەنجامبدرێت، تێیدا پارێزگارەکانی ھەرێمی کوردستان داواکاری پارێزگاکەیان، بۆ ھاوکاریکردنی ئاوارەکان بخەنەڕوو، چونکە بەھۆی بارودۆخی ئەمنی و دۆخی نەخوازراوی عێراق، وەک وەزیری پلاندانانی ئەو وڵاتە باسی دەکات، وا پێویستە چەند ساڵێکی دیکەش ھەرێمی کوردستان ئاوارەکانی عێراق لە باوەش بگرێت.