گەشتێک بەنێو ئۆماجا، ئەو گوندەی تەنیا ژنان بۆیان هەیە تێیدا بژین

خۆیان بڕیاربەدەستی گوندەکەن

 

K24 - هەولێر

كاتێك هه‌ر خانمێك رووبه‌ڕووی توندوتیژی ده‌بێته‌وه، پێویستی به‌ هۆشیاری هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مافه‌كانی خۆی بزانێت، بۆیە لە کینیا ژنان گوندێکیان دروستکردووە، کە هەر ژنان خۆیان تێیدا دەژین، بڕیاربەدەستن و رێگە نادەن هیچ پیاوێک تووندوتیژییان بەرامبەر بکات.

دانیشتووانی گوندی ئومۆجا لە کینیا توانیویانە ئەوە بسه‌لمینن، كه‌ به‌ تواناكانی خۆیان ده‌ژین و ئه‌و گونده‌ش ده‌كه‌ن به‌ په‌ناگه‌یه‌ك بۆ ئه‌و خانمانه‌ی توندوتیژییان به‌رامبه‌ر كراوه،‌ یاخود ئه‌و كچانه‌ی له‌خوار ته‌مه‌نی یاسایی به شوودراون.

ئەو ژنانە لە گوندی ئومۆجا فێری: متمانه‌به‌خۆبوون، كاركردن، بازرگانی، په‌روه‌رده‌كردنی منداڵه‌كانیان، كشتوكاڵ و ئاژه‌ڵداری ده‌بن و بژێویی ژیانیان ده‌سته‌به‌ر دەكەن.

یه‌كێك له‌ دامه‌زرێنه‌رانی گوندی ئومۆجا دەڵێ "ئێره‌ ته‌نیا په‌ناگه‌یه‌ك نییه‌ بۆ ئافره‌تانی سته‌ملێكراو، به‌ڵكو ژنان لێرەدا‌ فێری كاركردن ده‌بن و له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا دەکەن، هەروەها فێریان ده‌كه‌ین چۆن متمانه‌یان به‌خۆیان هەبێت، ئه‌وانه‌ی منداڵێشیان هه‌یه، منداڵه‌كانیان ده‌خه‌ینه‌ به‌ر خوێندن و فێریان ده‌كه‌ین په‌روه‌رده‌یه‌كی دروستیان بكه‌ن".

نەوە‌ك ته‌نیا ئه‌مانه،‌ به‌ڵكو ئه‌م گونده‌ بووەتە شوێنێكی گه‌شتیاری، كه‌ ئافره‌تانەکانی به مه‌رجی كڕینی به‌رهه‌م و به‌روبوومه‌كانیان له‌ لایه‌ن گه‌شتیارانەوە، رێگه‌یان پێده‌ده‌ن سه‌ردانی گونده‌كه‌یان بكه‌ن.

كینیا، وڵاتێکە کە ژمارەیەکی ئافره‌تان تێیدا رووبه‌ڕووی ده‌ستدرێژی سێكسی، تووندوتیژی و به‌شوودانی پێش ته‌مه‌نی یاسایی ده‌بنه‌وه‌، به‌ڵام هه‌ر به‌ گه‌یشتنیان بۆ سنووری ئومۆجا، هه‌موو ئه‌وانه‌ی باسكران، كۆتاییان دێت.

به‌رپاكردنی ئه‌م شۆڕشه بۆ ئافره‌تانی بێپه‌نا لە ساڵی 1990 له‌لایه‌ن 15 خانمی كینییەوە سەركردایەتی كرا، ئەمەش به‌ دروستكردنی گوندەکە له‌ ناوچه‌ی ئارترش بۆست، له‌ كاتێكدا له‌م ناوچه‌یه‌دا موڵكداریی زه‌وی، كاركردن، خوێندن و زۆر مافی دیكه‌ی له‌و شێوه‌یه‌ له‌ ئافره‌تان سەندراونەتەوە.

دانیشتوویه‌كی گوندی ئومۆجا دەڵێ "ئێمه‌، لێره‌ زۆر ئاسووده‌ین و مافه‌كانمان پارێزراوه، به‌ هێزی بازووی خۆمان كارده‌كەین و بژێوی ژیانمان په‌یدا ده‌كەین، بارودۆخ لێره‌ بۆ هه‌موومان یه‌كسان و گونجاوه‌".

بڕیاره‌ گرنگه‌كانی گوندی ئومۆجا له‌لایه‌ن 15 خانمه‌وه‌ ده‌درێن، به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موو ئافره‌تانی گونده‌كه‌ بێت و مافی كه‌س پیشێل نه‌كرێت. ھەموو بڕیارەكانیش لەژێر درەختێك دەدرێن، كە بەناوی درەختی بڕیارەكان ناسراوە.

 

هـ.ر.