چیرۆكی عه‌ره‌بێكی هۆزی جبووری كه دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ر كه‌ركووكی به‌ره‌و هه‌ولێر جێهێشتووه
K24- هه‌ولێر:
كەسایەتییەکی ناسراوی ھۆزی جبووری، دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، کەرکووك جێدەھێڵێت و ئێستا ماوەی 3 ساڵە لە ھەولێر دەژیت. ئەو باسی ھاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ كورد دەكات، كە چەندین ساڵە تێكەڵاوییان ھەیە، باسی پیرۆزی ئاڵای كوردستانیش دەكات و دەڵێت: دەبێ ئەو كەسانە سزا بدرێن، كه ئاڵای كوردستانیان سووتاند.
شێخ ئه‌بو حاتەم ئه‌و كه‌سایه‌تییه عه‌ره‌به‌یه، كه چیرۆكی هاتنه‌ده‌ره‌وه‌ی له كه‌ركووك به‌ره‌و هه‌ولێر بۆ كوردستان24 ده‌گێڕێته‌وه و ده‌ڵێت: ماوه‌ی چەندین ساڵە دۆستی كوردە و تەنانەت خۆی و 400 كەسی ھۆزەكەی دەنگیان بە ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان داوە، ئەو ئێستا لە ژێر سێبەری ئاڵای كوردستان لە ئاسایش و ئارامیدا دەژی و زۆر دڵگرانە بە رووداوەكەی سووتاندنی ئاڵای كوردستان لە بەغدا و جه‌ختیش ده‌كاته‌وه: ئەو كارە بە ھیچ شێوازێك قبوول ناكرێت و ئەوانەی ئه‌و كاره‌یان كردووه عێراقی رەسەن نین.
ھاورێیەتی و دۆستایەتی نێوان شێخ ئه‌بو حاتەم لە گەل خەڵكی ھەولیر زۆرە، تەحسین یاسینیش خەڵكی ھەولێرە و لەو كاتانەی سەردانی كەركووكی كردووە، لەگەڵ ھۆزی جبووری ئاشنا دەبێ و ماوەی 7 ساڵە ئەم ھاورێیەتیەیان بەردەوامە و لە خۆشی و ناخۆشیدا پێكەوەن، تەحسین ژیانی كورد له‌گه‌ڵ نەتەوەكانی دیكه بە پیرۆز دەزانێت.
ماوه‌ی چه‌ندین ساڵه ھەرێمی كوردستان بە پێكەوەژیانی نەتەوە و ئایینەكان بە بێ جیاوازی ناوبانگی ھەیە و ھەموو كات، بە تایبەت لە كاتە ناخۆشەكان باوه‌شی بۆ ھەموویان كردووەتەوە و یارمەتی داون، ئێستاش لە بەشێكی زۆری شارەكانی هه‌رێمی كوردستان ھاولاتیانی عەرەب بە ئازادی و ئارامی دەژین و بەشێكی زۆریان ھەر جۆرە سوكایەتیەك بە پیرۆزییەكانی كورد شەرمەزار دەكەن.
H.B