وەزیری ئاوەدانکردنەوە پڕۆژەکانی سنووری کۆیە بەسەر دەکاتەوە

پڕۆژەکانی کۆیە بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار جێبەجێدەکرێن

K24 – ھەولێر:

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم ئەو پڕۆژانەی قەزای کۆیەی بەسەر كرده‌وە، کە ئێستا جێبەجێدەکرێن و بەشێکیشیان تەواو بوون.

وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی: نزیکی سێزدە پڕۆژە لە قەزای کۆیە و تەقتەق جێبەجێدەکرێن و بەشێکی زۆریان پێش وەرزی زستان تەواو دەبن.

ئاوەدانی و باشترکردنی گوزەرانی ھاووڵاتیان یەکێکە لە ستراتیژییەتەکانی کابینەی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئەگەر ئەمە لەرابردوودا وەک پێوست نەکرابێت، بەڵام مام ئه‌حمه‌دی کڵێسا لە گوندێکی دوورە دەستی قەزای کۆیەوە شایەتی ئەو ئاوەدانییە دا.

مام ئه‌حمه‌دی کڵێسا گوتی: لەماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئێمە ھەوڵی زۆرمان دا بۆ ئەوەی ئەم شەقامەی ناو گوندەکەمان بۆ چاکبکرێت و ئێستە دڵخۆشم، کە ئاوڕی ئاوەدانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە گوندەکەمان دراوەتەوە.

لە سنووری کۆیە و تەقتەق و گوندەکانی دەوروبەریان 13 پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردندان.

دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەداکردنەوە گوتی: ئەو بەڵێنەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھاووڵاتیانی ھەرێمی داوە سوورە لە جێبەجێکردنی و خەمسارد نابێت لە پەرە پێدان بە ئاوەدانی.

پڕۆژەکانی قەزار کۆیە و دەوروبەری بە گوژمەی زیاتر لە 10 ملیار دینار جێبەجێ دەکرێت.

پڕۆژەی قیرتاوکردنی تەقتەق - کۆیە %70 کارەکانی تەواو بووە. پڕۆژەی  چاکردنەوەی رێگای  سێگردکان % 50 تەواو بووە.

پڕۆژەی قیرتاوکردنی رێگای  گوندی قۆریتان و چاکردنی رێگای گوندەکانی دەوروبەری %100 پڕۆژەکە تەواو بووە.

قیرتاوکردنی رێگای گوندەکانی کڵێسا و بۆگد و تێکەڵەڕێژکردنی چەند رێگایەکی دەوروبەری و %60  پڕۆژەکە تەواو بووە.

ئامانجی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ھاوشان لەگەڵ شارەکان ئاوەدانکردنەوەی گوندەکانیشە بۆ ئەوەی ئاوەدانی زیاتر ڕوو لە گوندەکان بکات.