سبهی گهشته فڕۆكهوانییهكانی توركیا و ههرێمی كوردستان دهستپێدهكهنهوه
K24 – ههولێر:
گەشتە ئاسمانییەکانی نێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان دەستپێدەكەنەوە و بەرەبەیانی سبەی یەكەم گەشت بۆ ھەولێر ئەنجام دەدرێت.
بڕیاره هەفتانە کۆمپانیایهكی فڕۆكهوانی توركی حەوت گەشت بۆ عێراق ئەنجامبدات. چوار گەشت بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت و سێیان بۆ عێراق دەبن، ئەوەش بە ھەنگاوێكی ئەرێنی بۆ پەیوەندی زیاتری نێوان ھەرێمی كوردستان و توركیا و گەشەی زیاتری ئابووری لێكدەدرێتەوە.
به هۆی پەتای کۆرۆنا، وەزارەتی تەندروستی تورکیا، داوای لە دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا کرد، گەشتە ئاسمانییەکانی لەگەڵ عێراق ھەڵپەسێرێت، لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا کەمترین گەشتی ئاسمانی لە نێوان عێراق و تورکیا ئەنجامدراوە، بەڵام چەند رۆژێک پێش ئێستا دەسەڵاتی فڕۆکەوانی تورکیا بە فەرمی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی ئاگادار کردووهتەوە، کە ھەفتانە بە 7 گەشت گەشتەکان لە نێوان ھەردوو وڵات دووبارە دەستپێدەکەینەوە.