پەرلەمان پرۆژەیەک ئامادە دەکات بۆ سزادانی ئەوانەی سووکایەتی بە پیرۆزییەکانی کوردستان دەکەن

قورسترین سزای پێشنیازە یاساکە، حەوت ساڵ زیندانییە
kurdistan24.net


K24 - هەولێر

هەرێمی کوردستان لە سەروبەندی دەرکردنی یاسایەکە بۆ پاراستنی هێما نیشتمانی و نەتەوەییەکانی، بۆ ئەوەی بە یاسا رێگری بکات لە هەر سووکایەتی و بێڕێزییەک کە بە پیرۆزەییەکانی کوردستان دەکرێت.

لە چوارچێوەی ئەم پێشنیازی یاسایە، ئەو لایەنەنانە دیاریکراون، کە پیرۆزی نیشتمانین لەوانە: ئاڵا، پێشمەرگە، سروودی نیشتیمانی، مێژوو و رزگاریخوازەکانی کوردستان. بەپێ ئەم پێشنیازی یاسایەش؛ هەر کەسێک سووکایەتی بەمانە بکات، بەپێ یاسای سزادانی عێراقی، ماددەی 226 سزا دەدرێت.

پێشەوا هەورامانی، ئەندامی لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان لەبارەی ئەو پێشنیازی یاسایە دەڵێ "ئەم پرۆژەیە لە لیژنەی یاساییە و قابیلی ئەوەیە ماددەیەک بۆی زیاد یان کەم بکرێت، سزاکەش بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، ماددەی 226 دیاریکراوە. زۆرترین سزا (بەپێی پێشنیازی پرۆژە یاساکە) حەوت ساڵ زیندانییە، هەروەها پێبژاردنی دارایی تێدایە و ئەوکاتە بەپێی جۆری ئەو بێڕێزەییەیە کە دەکرێت".

ئەم پێشنیازە یاسایە، لەنێو فراکسیۆنەکاندا مشتومڕی زۆری لەسەرە. لە لیژنەی یاسایی پەرلەمانە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت و دواتر بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە. بەشێک لە فراکسیۆنەکان ئەم پێشنیازی یاسایە بە گرنگ دەزانن بۆ ئەوەی چیدیکە سووکایەتی بە پیرۆزییەکان نەکرێت.

سارا دڵشاد، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەڵێ "گرنگیی ئەم پێشنیازە یاسایە لەوەدایە بۆ پاراستنی هێما نەتەوەییەکانە، ئەوانەی قسە و سووکایەتی بە سەرکردەیەک دەڵێن، یان بە ئاڵای وڵاتێک دەکەن... پێموایە ئەو پێشنیازە یاسایە لە بەرژەوەندیی گشت لایەنە حیزبی و سیاسییەکاندا دەبێت".

ئەم پێشنیازی یاسایە لەلایەن فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە ئامادەکراوە و لە 7 ماددە پێکهاتووە، لە هەوڵدان بە کۆدەنگی فراکسیۆنەکان ئەم پێشنیازە تێپەرێنن، بەڵام سزاکانی نێو ماددەکە مشتومڕی فراکسیۆنەکانی لەسەرە و، چاوەڕێ دەکرێـت لەسەر پێشنازێکی گونجاو بگەنە رێککەوتن و، سزای ئەو کەسانە دیاری بکرێت کە سووکایەتی بە پیرۆزییەکان دەکەن.

 

هـ.ر.