ئەسینا: ئەو كارانەی توركیا ئەنجامیاندەدات رێگاپێدراو نیین و نایاساین

هێزی ده‌ریایی یۆنانی ئاستی ئامادەباشی ھێزەكانی لە ناوچەكەدا گەیاندە "پرتەقاڵی"

K24 – هه‌ولێر:

دوای بڕیارەكەی توركیا بەدرێژكردنەوەی ماوەی كنە و پشكنین لەو ناوچەیەی ئەسینا بە لێواری كیشوەری خۆی دادەنێت، یۆنان كەشتییەكانی خۆی لە باشووری رۆژھەڵاتی دەریای ئیجە لە حاڵەتی ئامادەباشیی داناون.

هێزی ده‌ریایی یۆنان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، نامەیەكی ھاودژی بەڕێگای تیلكسی دەریاوانی نێودەوڵەتی "نافتكس" دەرخست وەك وەڵامێكی نامەی توركیا لە بارەی درێژكردنەوەی ئەركی كنە و پشكنینی سێ كەشتییەكە، لەوانەش "عروج رەئیس"، لە ئاوی نێوان ھەردوو دوورگەی كاستیلۆریزۆ و رۆدس تا 27 ئۆكتۆبەر لە جیاتی 22 ئۆكتۆبەر وەك پێشتر بڕیاری لێدرابوو.

دەریاوانی یۆنانی لە نامەكەیدا جەختیكردەوە ئەو كارانەی كنە و پشكنینی توركیا ئەنجامیدەدات لە ناوچەی ململانێ لەسەر "ریگاپێدراو نین و نایاساین". 

راپۆرتە رۆژنامەوانییەكان رایانگەیاند، دەریاوانی یۆنانی ئاستی ئامادەباشی ھێزەكانی لە ناوچەكەدا گەیاندە "پرتەقاڵی" كاتێك كەشتی "عروج رەئیس" بە دورایی 14 كیلۆمەتر لە كاستیلۆریزۆ نزیك بوویەوە.

وەزارەتی بەرگری یۆنان، چوارشەممەی رابردوو، ھەندێك وێنەی بڵاوكردەوە، تێیدا "دیواری پارێزەر"ی بەدیاركەوتووە، كە پێكھاتووە لە كەشتی جەنگیی پەیوەست بە پاراستنی ئەو ناوچەیەی ململانێی لەسەرە.

بەپێی راپۆرتەكان، ئێستا زیاتر لە 60 كەشتی جەنگی یۆنان لە ناوچەكەدا كار لەسەر چاودێریكردنی جوڵه‌كانی "عروج رەئیس" دەكەن.

تەلەڤزیۆنی یۆنانی راپۆرتێكی بڵاوكردەوە گوایە پێكداهه‌ڵپژانێك لە نێوان كەشتییەكی جەنگی یۆنانی و "عروج رەئیس" لە بەرامبەر كاستیلۆریزۆ روویداوە و ئەو كەشتییە جەنگییە رێگای گرتووە لە نزیكبوونەوەی كەشتیی كنە و پشكنینی توركیای لە كەناراوی دورگەكە.

 

ئامرازەكانی راگەیاندن ھەندێك وێنەیان بڵاوكردووەتەوە تێیاندا دەردەكەوێت كەشتییەكی یۆنانی و "عروج رەئیس" زۆر نزیك لە یەكتر دەڕۆن.

چاودێرانی یۆنانی رایانگەیاند، "عروج رەئیس"جارێكی دیكە لە كەناراوەكانی دورگەكە نزیك دەبێتەوە.