بەرھەمھێنانی پەتاتە لە ھەرێمی كوردستان زیاد دەكات

پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 450 ھەزار تۆن بەرھەم بێت
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

ئاستی بەرھەمھێنانی پەتاتە لە ھەرێمی كوردستان ساڵ بەدوای ساڵ بەرزتر دەبێتەوە و پێشبینی دەكرێت بۆ ئەمساڵ زیاتر لە 450 ھەزار تۆن بەرھەم بێت، بەگوێرەی ئامارەكان پێداویستی بازاڕی ناوخۆ ساڵانە 90 ھەزار تۆنە و ئەمەش بەرامبەرە بە چوار ھێندە.

لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان، جوتیارانی پارێزگای دھۆك  زیاتر لە 75%ی پەتاتە بەرھەمدێنن. تەنیا لە دەشتی ناوكوڕ ساڵانە زیاتر لە 250 ھەزار تۆن پەتاتە بەرھەم دەھێندرێت.

لە ساڵی 2007 تەنیا 882 تۆن پەتاتە لە ھەرێمی كوردستان بەرھەمھاتووە، لە ساڵی 2013 پەتاتەی خۆماڵی 55%ی بەرھەمی ناوخۆیی پڕكردووەتەوە.

لەم چەند ساڵەی دواییدا لە زۆربەی ناوچەكانی كوردستان جوتیاران روویان لە داچاندنی پەتاتە كردووە، لە ساڵی 2018 پەتاتەی خۆماڵی 78%ی بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان پڕكردوەتەوە.

بەگوێرەی داتاكان لە ساڵی 2019 ئاستەكە گەیشووەتە 318 ھەزار تۆن، بۆ ئەمساڵیش نزیك دەبێتەوە لە نیو ملیۆن تۆن پەتاتە.

بە گوتەی شارەزایانی بواری كشتوكاڵ، خاكی ھەرێمی كوردستان بەتامترین پەتاتەی لێ بەرھەم دەھێندرێت و تەنانەت ھۆڵەندییەكانشی سەرسام كردووە. كە ئەوان دەستێكی باڵایان ھەبووە لە بەرزكردنەوەی بەرھەمی پەتاتە لە ھەرێمی كوردستان.