هه‌ڵه‌بجه‌.. تادێت ئاماره‌كانی تووشبوون و مردن به‌ كۆرۆنا روو له‌ هه‌ڵكشانن

‌"ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ زۆر له‌و ئاماره‌ زیاترە كه‌ رۆژانە رادەگەیەنرێت"
kurdistan24.net

K24- هه‌ڵه‌بجه‌:

ئامارەکانی تووشبوون و گیانلەدەستدان به‌هۆی كۆرۆنا لە پارێزگای هەڵەبجە روو لەزیادبوونن، پزیشکانیش هۆکاری زیادبوونی حاڵەتەکانی گیانلەدەستدان بۆ درەنگ هێنانی نەخۆشەکان بۆنەخۆشخانە دەگەڕێننەوە.

لەگەڵ ئەوەی ژمارەی پشکنینەکان بەراورد بە پارێزگاکانى دیکە له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ کەمن، بەڵام وه‌ك جیهاد ئیبراهیم، سەرۆکی تیمی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی کۆرۆنا لەهەڵەبجە ئاشكرای ده‌كات، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا زۆر له‌و ئاماره‌ زیاترە، كه‌ رۆژانە رادەگەیەنرێت، هۆکارەکەشی بۆ پابەندنەبوونی هاووڵاتیان بە رێنماییە تەندروستیەکان گه‌ڕانده‌وه‌.

له‌كاتێكیشدا ئامارەکان تادێت روو لەهەڵکشانن، ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە دەڵیت: "دۆخی پارێزگاکە باش نیە"، داواش لە هاووڵاتیان دەکات، خۆپارێزی زیاتر بکەن، گوتیشی: بڕیارە سبەی کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنەکان ئەنجام بدەن، بۆ ئەوەی بتوانن بڕیار و رێنمایی پێویست بۆ رێگریكردن له‌ زیاتر ته‌شه‌نه‌سه‌ندنی په‌تاكه‌ له‌ سنووری ئه‌و پارێزگایه‌ ده‌ربكه‌ن.

تائیستا 80 کەس لە پاێزگای هەڵەبجە بەهۆی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە، و 2 هه‌زار و 301 کەسیش توشی ڤایرۆسەکە بوون، لەو پشکنینانەش كه‌ رۆژانە بۆ هاووڵاتیان ئەنجام دەدرێن، له‌ سەرووی 80% هەڵگری ڤایرۆسەکەن.

H.B