گوتەبێژی پارتی ديموكراتى كوردستان وەڵامی سەرانی پەکەکە دەداتەوە

"ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك په‌كه‌كه‌ رێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند گرتووە"

K24- هه‌ولێر:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا مه‌حمود محه‌مه‌د، گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كورستان وه‌ڵامی به‌رپرسانی په‌كه‌كه‌ی دایه‌وه‌ و رایگه‌یاند، په‌كه‌كه‌ به‌ لێدوانی به‌رپرسه‌كانی و كرده‌وه‌كانی بووه‌ته‌ مایه‌ی سه‌رئێشه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان و گوتی: ئەم جۆرە رەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان.

ده‌قی به‌یاننامه‌كه‌ی گوته‌بێژی پارتی دیموكراتی كوردستان:

جێگەی داخێكی زۆرە كە لە زۆر بارودۆخی هەستیاردا پەكەكە بە لێدوانی بەرپرسانی و كردەوەكانی بووەتە مایەی سەرئێشە بۆ خەڵكی كوردستان و دامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان، كە بەرهەمی خەبات و قوربانیدانی دەیان ساڵەی گەلی كوردستانە.

لە دوایین لێدوانەكانیشیاندا نەفەسی هەڕەشە و خواستی نانەوەی گرژی و ناسەقامگیری و، ئاوەژووكردنی ڕاستییەكان بە ئاشكرا دیارە. ئەم جۆرە ڕەفتارانەی پەكەكە شتێكی تازە نییە و لە ڕاستیدا ئەوان بە كارە نابەجێ و گوماناوییەكانیان بوونەتە هەڕەشە لەسەر ژیانی خەڵكی كوردستان. ساڵانێكی زۆرە بە سەرانەوەرگرتن و داگیركردنی ماڵ و موڵكی خەڵك، رێگەیان لە ئاوەدانكردنەوەی سەدان گوند و گەڕانەوەی خەڵكی سڤیل بۆ ناوچەكانیان گرتووە. گۆڕەپانی شەڕ و ململانێكانیان گواستووەتەوە ناو هەرێمی كوردستان و رۆژانە هاووڵاتیانی هەرێم باجی مرۆیی و ماددی ئەو رەفتارانه‌ی پەكەكە دەدەن. كارمەندی حكوومەتی هەرێمی كوردستان شەهید دەكەن و هێشتاش پێیانوایە ئەوان هەڕەشە نین و هەرێمی كوردستان دەپارێزێن!

پەكەكە بە ئاشكرا كەوتووەتە ململانێ لەگەڵ هەرێم و مەترسی بۆ سەر ژیان و بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان دروست دەكات. ئەوان لە هەر شوێنێك كوردێكی لێ بێت خێرا خۆیان بە خاوەن ماڵ دەزانن و كوردیش بە میوان.

لە وەڵامی وتەكانیاندا دەڵێین: ئێمە بڕوای تەواومان بە چارەسەركردنی ئاشتیانەی دۆزی رەوای گەلی كورد و تەبایی نێوان لایەنەكان هەیە. لێدوان و كردەوەكانتان زیانی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەبووە و بۆ رێگەگرتن لە تێكچوونی زیاتری بارودۆخ داوا دەكەین چیتر كێشەی خۆتان و خەڵكی تر مەهێننە ناو هەرێمی كوردستان.

مەحمود محەمەد

وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان

27ـی ئەیلوولی 2020

H.B