جۆن بۆڵتن: سه‌قامگیری رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌یوه‌سته به داننان به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان
K24- هه‌ولێر:
جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا تایبه‌ت به كوردستان24 دووپاتیكرده‌وه، "چه‌سپاندنی سه‌قامگیری له ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست په‌یوه‌سته به دانان به سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و پێشتریش چه‌ندین جار جه‌ختم له‌وه كردووه‌ته‌وه".
ئه‌م گوتانه‌ی بۆڵتن له كاتی میوانداری له به‌رنامه‌ی "بڕیار ده‌دات" له‌رێگه‌ی سكایپه‌وه هاتوون و له وه‌ڵامی پرسیارێك كه سه‌باره‌ت به سیاسه‌ت و بڕیاره‌كانی تره‌مپ له‌ماوه‌ی 4 ساڵی ده‌سه‌ڵاتیدا له باره‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاراسته‌ی كرا، گوتی: "پێموایە بە دیاریکراوی لەبارەی دۆخی ناوچەکە بڕیارەکانی کێشەیان لێکەوتووەتەوە بۆ نموونە بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمه‌ریکا لە سووریا و بەجێھێشتنی کورد و خستنەبەر مەترسییان، لەکاتێکدا کە پێکەوە شەڕی دژ بە داعشمان کرد. ھەروەھا ھەوڵدانی بۆ کشانەوەی ھەموو سەربازانی ئەمه‌ریکا لە عێراق و بە ئاشکراش گوتوویەتی کە دەیەوێت لە ئەفغانستانیش بکشێتەوە. پێموایە ئەم کارانەی ھەموو ناوچەکەی خستووەتە مەترسیەوە. من دڵنیا نیم کە بایدن لە ترەمپ باشتر دەبێت، ئەمە پێویستی بە کار و ھەوڵێکی زۆرە لەلایەن کوردستان و ئەو ئەمه‌ریکیانەی کە نیگەرانی ئەوەن، کورد جارێکی دیکە بکەوێتە مەترسییەوە. بۆئەوەی دڵنیا بنەوە کە کەسێکی شایستە ببێتە سەرۆکی ئەمه‌ریکا و پەیوەندییەکانمان لەگەڵ کوردستان بە بەھێزی بمێننەوە."
سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی ئه‌مه‌ریكاش كه بڕیاره 3ی مانگی داهاتوو به‌ڕێوه‌بچن، بۆڵتن جه‌ختی كرده‌وه: "ئەم ھەڵبژاردنە ھەڵبژاردنێکی سەختە و ھەندێکجار پێشبینی کردنی ئەستەمە. بەڵام بەگوێرەی راپرسیەکان جۆ بایدن لەپێشەوەیە. بەڵام لە 2016ش راپرسیەکان گوتیان ھیلاری کلینتن دەیباتەوە، بەڵام نەیبردەوە. پێموایە ھەموولایەك سەیری ئەزموونی 2016 دەکات، بۆیە زەحمەتە ئێستا بڵێین کێ دەیباتەوە."
سه‌باره‌ت به پرسیارێكیش له‌باره‌ی بڕیاری هه‌ریه‌ك له ئیمارات و به‌حره‌ین بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی نیوانیان له‌گه‌ڵ ئیسرائیل، جۆن بۆڵتن، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا گوتی: "پێموایە ئەم دوو بڕیارەی ئیمارات و بەحرێن رەنگدانەوەی ئەو گۆڕانکارییە جیۆسیاسیەیە، کە لە ناوچەکەدا ھاتووەتە ئاراوە، ئەویش بەھۆی ھەڕەشەکانی ئێرانەوە لەسەر وڵاتانی ناوچەکە نەك تەنیا بەھۆی پرۆگرامی ئەتۆمییەوە، بەڵکو بەھۆی پاڵپشتیەکانیشیەوە بۆ تیرۆر و میلیشیاکان. بۆیە ئەمەش وایکرد کە وڵاتانی کەنداو بیر لەوه بکەنەوە کە بەرژوەندی ئەوان لەوەدایە کە لەگەڵ ئیسرائیل بن. پێموایە ئەمە شتێکە کە کوردستانیش دەتوانێ سودی لێوەربگرێت، چونکە پاشەکشەکردن بە ھێزە رادیکاڵ و توندرەوەکان، جا ئەگەر ئێران بێت یان داعش، ئەمە شتێکە کە دەبێ بەلای ھەموومانەوە گرنگ بێت."
تایبه‌ت به نێوانی ئه‌مه‌ریكا و توركیاش، به‌تایبه‌ت چاوپۆشیكردنی ئه‌مه‌ریكا له‌چه‌ند پێشێلكارییه‌كی كه‌رتی دارایی ئه‌و وڵاته به‌رامبه‌ر سزاكانی سه‌ر ئێران، به دیاریكراویش هاڵك بانكی توركی، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، "وەك دەزانن سەرۆك ئەردۆغان چەندین جار لەبارەی ھاڵك بانکەوە قسەی لەگەڵ سەرۆك ترەمپ کردووە. داواکاری گشتی ئەمه‌ریکاش لێپرسینەوەی لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای ئەو بانکەدا کردووە بە تۆمەتی شکاندنی گەمارۆکانی ئەمه‌ریکا لەسەر ئێران و ھەروەھا گزی و تەزویرکردن و فێلکردن لە حکومەتی ئەمه‌ریکا. ئەگەر بانکێکی ئەمه‌ریکی سزاکانی سەر ئێرانی سووك بکردایە و درۆشی لەگەڵ حکومەت بکردایە، ھیچ گومانم نیە کە سزاکەی زۆر قورس‌تر دەبوو. بەڵام ئیتر کە ده‌ستیان سووك کردووە بەرامبەری ئەوە ئەو شتە بووە کە ئەردۆغان چەندین جار داوای لە سەرۆك ترەمپ کردووە. چونکە ترەمپ ویستوویەتی پیاوەتی لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان بکات، بۆ ئەوەی ئەوانیش لەبەرامبەردا پیاوەتی لەگەڵ بکەنەوە. ئەردۆغان پێوابوو کە دەیتوانی پێشکەوتن بەدەست بھێنێت، بەڵام دواجار ھاڵك بانك تاوانبارکرا و کەیسەکەشی ھەر بەردەوامە و ئەگەر بایدن بیباتەوە دڵنیام سزا دەدرێن."
بۆڵت دووپاتیشی كرده‌وه، "زۆر نیگەرانم لەوەی کە سیاسەتی سەرۆك ترەمپ لە ناوچەکە ھەروەك پێشتر بەردەوام بێت و نایەوێت رۆڵی ھەبێت، دەستێوەردان و کارە خراپەکانی ئێران، سەرھەڵدانەوەی داعش، تیرۆریست و میلیشیاکانی دیکه، ھێرشەکانی تورکیا و رووسیا لەناوچەکە و ناوچەیەکی زۆر ئاڵۆزە، وابزانم پێویست ناکات ھەموو بۆ بینەرەکانتان روونبکەمەوە. بۆیە پێموایە کشانەوەی نەك تەنیا سەربازی بەڵکو بۆ سیاسەتی ئەمه‌ریکاش لە ناوچەکە زۆر وێرانکار دەبێت. بەڵام ئەمە ئەو شته‌یە کە لە گەڕی دووەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا دەیبینین."
سه‌باره‌ت به رۆڵی كورد له رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر، شه‌ڕی دژ به داعش و هاوكارییه‌كانی بۆ سوپای ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه، راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا دووپاتیكرده‌وه، "ژمارەیەك لە ئەندامانی ئیدارەکە ھەوڵیاندا بۆ سەرۆك روونبکەنەوە، کە کورد رۆڵی سەرەکی بینیوە لەشەری دژ بەداعشدا و لە سووریا بەتایبەتی لە رووخاندنی خەلافەتەکەی داعشدا. سوپای ئەمه‌ریکا زۆر دڵی پێیانخۆشە و پیزانینی ھەیە بۆیان و دەیانەوێت کاریان لەگەڵ بکەن و چاوەڕێی ئەوەش لە ئیدارەکە دەکەن، کە پاڵپشتیان بەردەوام بێت. بەڵام ئەو قسانەی کە لە دەرەوەی ئیدارەکەیەوە ده‌كرێن، کە بەراستی نازانم لە کوێوە گەیشنە سەرۆك ترەمپ، بەراستی کێشەیان دروست کرد. ئەو قسانەش رەنگدانەوەی بۆچوونی زۆربەی ئیدارەکە و کۆنگرێسی ئەمه‌ریکاش نەبوو. زۆر دڵنیانیم ھەڵوێستی جۆ بایدنیش چۆن دەبێت، بەڵام دەبێ ھەر لەماوەی رادەستکردنی دەسەڵات، ئەگەر سەرۆکایەتی بردەوە دەستوبرد بکات، چونکە گۆرانکارییەکانی ناوچەکە ھەر ئەو کات دەستیان پێ‌کردبوو کە بایدن جێگری سەرۆك بوو. بەڵام ھیوای من ئەوەیە کە دۆستەکانی کورد لە کۆنگرێس لە پارتی دیموکرات و کۆمارییەکانیش بۆ سەرۆکی نوێی روونبکەنەوە، بۆ بایدن ئەگەر بووە سەرۆکی ئەمه‌ریکا، کە پێویستە لە ھاوکاری بۆ کورد بەردەوام بێت و پێویستە ئەمه‌ریکا بەھێزەوە لە ناوچەکە بمێنێتەوە، کە ھاوکاری سەقامگیری دەکات بۆ ئەوانەی کە شەڕی دژ بە توندڕەوی دەکەن."
هه‌روه‌ها گوتی: "پێموایە ئەوە بەشێك بوو لەو ستراتیژیەت و ھەڵەیەی سەردەمی ئیدارەی ئۆباما، لەناوبردنی خەلافەتەکەی داعش بابەتێکی زۆر گرنگ بوو بەلای ئەمه‌ریکیەکانەوە و ھەموو کەس بە مەترسی دەزانی و کۆك بوون لەسەر لەناوبردنی. بەڵام ئەوەی کە ئیدارەکەی ئۆباما لێ تێنەگەیشتبوو، میلیشیا شیعەکان بوون، کە لەلایەن ئێرانەوە پڕچەك ده‌کران و راھێنانیان پێدەکرا و ئامانجێکی تەواو جیاوازیان ھەبوو لەناو عێراق، بەداخەوە دواتر ئەوەی لێکەوتەوە ،کە چەکی ئەمه‌ریکیان بەکارھێنا. بۆیە دەبێ ھەندێك لێکۆڵینەوەی ستستماتیك بکرێن و ھۆکار و دەرئەنجامەکانی ناوچەکە دیاربخرێن. من زۆر جار گوتوومە کە باشترین سەقامگیری لە ناوچەکە لەرێگەی داننانە بە دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانەوە بەدەست دێت. ھەرچەندە ھەندێك بەربەست و دژبەری دەبێت لە ناوچەکە، بەڵام ئەگەر سیاسەتی ئەمه‌ریکا لەو روو بارەیەوە روون بوایە، دەیتوانی فشار لە وڵاتان بکات کە دانی پێدا بێدابنێن. ئێستاش سیاسەتی لێڵ و ناروونمان ھەیە و من دەترسم لەژێر سەرۆکایەتی بایدینشدا ھەر بەمشێوەیە بێت و ئەمەش پێموایە کێشەی زیاتری لێدەکەوێتەوە."
سه‌باره‌ت به مانه‌وه یان كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و سووریا، له ئه‌گه‌ری دووباره‌بوونه‌وه‌ی تره‌مپ به سه‌رۆكی وڵاته‌كه‌ی بۆڵتن پێشبینییه‌كانی خسته‌ڕوو و گوتی: "پێموایە ئەگەر ترەمپ بیباتەوە ئەگەری زۆرە ھەموو سەربازانی ئەمه‌ریکا لە عێراق و سووریا بکشێنێتەوە، پێشتریش ئەو ھەوڵانەی داوە، بەڵام لەلایەن راوێژکارەکانیەوە رێگری لێکراوە، بەڵام پێموایە جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە سەر ھەمان بیرۆکە و له‌و باوه‌ڕه‌دام ھەموو سەربازانی ئەمه‌ریکاش لە ئەفغانستان دەکشێنێتەوە. ئەو پێیوایە ئەمە ئەو شته‌یە کە زۆرینەی خەڵکی ئەمه‌ریکا دەیه‌وێت، بەڵام ئەو لەوەدا ھەڵەیە. ئەو پێیوایە کە سەرەرای ھەبوونی ھێزەکانی ئەمه‌ریکا و ھاوپەیمانان، بەڵام ھێشتا ناوچەکە سەقامگیری تێدا نییه، ئیتر نازانێت کە ئەگەر ئەمه‌ریکا و ھاوپەیمانان لەوێ نەبن مەترسیەکان زۆر گەورەتر دەبن."
له‌كۆتا قسه‌كانیشیدا بۆ كوردستان24، جۆن بۆڵتن راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا دڵنیایی خۆی له‌وه راگه‌یاند كه "تره‌مپ باش نابێت" و سه‌باره‌ت به بایدنیش جه‌ختی كرده‌وه، ئه‌گه‌ر ببێت به سه‌رۆك ده‌بێت له گرنگی كورد تێبگات و له‌وباره‌یه‌وه گوتی: "ترەمپ باش نابێت، ئەوە ھەموومان بەروونی دەیبینین، پێموایە بایدنیشن زۆر نادڵنیا و ناروونە... سەیرکە دەبێ دۆستەکانی کورد لە ئەمه‌ریکا کاری زۆر زیاتر و ھەوڵی زیاتر بدەن لەگەڵ بایدن و راوێژکارەکانی، بۆئەوەی دۆخەکەی بۆ روون بکەنەوە و بۆچی بەردەوامی پاڵپشتی ئەمه‌ریکا بۆ کورد گرنگە!!".
H.B