ئەمەریكا و رووسیا ئاو دەكەن بە ئاگری نێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان

گەیشتوونەتە لێكتێگەیشتن و چەند خاڵێك جێبەجێ دەكەن

K24 - ھەولێر

بە چاودێری ئەمەریكا و رووسیا، لێكتێگەیشتن لەنێوان ئەرمینیا و ئازەربایجان ھاتووەتە ئاراوە و لەسەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لە هەرێمی کاراباخ رێککەوتن.

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشی نوێنەرانی رووسیا و ئەمەریکادا هاتووە، کە وەزیرانی دەرەوەی ئەرمینیا و ئازەربایجان لە جنێڤ کۆبوونەتەوە و هەردوولا رێککەوتوون لەسەر گرتنەبەری چەند هەنگاوێک بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی هەرێمی کاراباخ و گەیشتوون بە لێکتێگەیشتنێکی هاوبەش لەوبارەیەوە.

بە گوێرەی رێککەوتنەکە ئەرمینیا و ئازەربایجان تەرمی کوژراوان دەگۆڕنەوە و دیلەکانی نێوانیشیان لە ماوەی هەفتەیەکدا ئاڵوگۆڕ دەکەن و چیتر هاووڵاتیانیش لە هێرشەکان ناکەنە ئامانج.

ماوەی زیاتر لە مانگێکە شەڕی ئازەربایجان و ئەرمینیا لە هەرێمی کاراباخ بەردەوامە و بەهۆیەوە سەدان کەس کوژراون و هەزاران کەسیش ئاوارەبوون.