ئه‌حمه‌د سه‌فار: وەزیری پلاندانانى عێراق ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی نازانێت

ئه‌و داتایانەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق ئامادەی دەکات هەمووی خەمڵاندنە

K24- هه‌ولێر:

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەی لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەزیری پلاندانان ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی نازانێت. هۆشداریش ده‌دات، له‌وه‌ی عێراق نوقمی قەرز دەبێت، کە ئەوەش کاریگەری لەسەر نەوەکانی داهاتوو دەبێت.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: له‌ كاتێكدا وەزارەتی پلاندانان زانیاری لەسەر ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەرانی وەزارەتەکەی نییە، چۆن دەتوانێت داتای تەواوی دەوڵەت ئامادە بکات، هەروەها ئه‌و داتایانەی وەزارەتی پلاندانان ئامادەی دەکات هەمووی خەمڵاندنە.

بڕیاردەری لیژنەی دارایی دەشڵێت: ئەو پڕۆژە بودجەی حکومەت پێشکەشی دەکات دووبارەیە و هەمان ئەو بڕگانەی ساڵی 2004ـە، کە وەزارەتی پلاندانان خەمڵاندنی بۆ کردووە.

ده‌ربارەی پڕۆژە یاسای قەرزیش، سەفار ئاماژەی به‌وه‌دا، مافی پەرلەمانە، لە ئەگەری درەنگکەوتنی پڕۆژە یاسای بودجه‌، پڕۆژە یاسای پارەدارکردنی کورتهێنانی دارایی پەسەند بکات، چونکە گوزارشتە لە بودجەیەکی بچووك.

H.B