کوردستان 24 یادی پێنج ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە و پلانی داهاتووی ئاشکرا دەکات

کوردستان24، سەرچاوەی زانیاری و هەواڵی باوەڕپێکراو

K24 - هەولێر

"كوردستان24 لە قۆناغی داهاتووی كاری میدیایی خۆیدا، بە چەندین بەرنامەی نوێ‌، بوڵتەنی هەواڵی جیاواز، ستایل و نێوەڕۆكێكی دەوڵەمەندتر، تەكنیكێكی تازەتر و ئامادەیی فراوانتری لە سەرتاسەری دونیا، پلانێكی هەمەلایەنە پەیڕەو دەكات و هەوڵدەدات وێنەی میدیای كوردستان بگەینێتە ئاستێكی سەنگینتر و باڵاتر"، ئەمە گوتەی سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی کوردستان24ـە لە پێنجەمین ساڵیادی پەخشی تەلەڤزیۆنی کوردستان24.

ئەمڕۆ شەممە (31-10-2020) پێنج ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر دەستپێکردنی پەخشی کەناڵی کوردستان24 کە لە 31-10-2015 وەك کەناڵێکی ئاسمانیی پێشەنگ لە میدیای کوردستاندا دەستبەکار بوو.

محەمەد حاجی کەریم، سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی کوردستان24 رایگەیاند "بەر لە هەر شتێك ئەوەی لای كوردستان24 لە كاری رۆژانەی خۆیدا، لە سەرووی هەموو شتێكە، پابەندبوونیەتی بە بنەما پیشەییەكان، هاوسەنگی، بابەتیبوون و كاركردن لە چوارچێوەی پرەنسیپی بەرپرسیاریەتی كۆمەڵایەتی".

كوردستان24 متمانەی بینەر و بیسەر و خوێنەرەكانی بەلاوە زۆر گرنگە و میدیاكارەكانی بە شێوەیەكی پرۆفیشناڵانە مامەڵە دەكەن. هەر بۆیەشە وەك دامەزراوەیەكی نیشتمانی ناسراوە و رۆڵ و كاریگەریەكەشی بەرچاو بووە.

سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی کوردستان24 هەروەها دەڵێ "ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە كوردستان24 لە ماوەی پێنج ساڵی كاركردنیدا، توانیویەتی لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێرانی لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق و توركیا و رۆژئاوای كوردستان و ئێران و رووسیا و وڵاتانی ئەوروپا و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، ئامادەییەكی بەرچاوی هەبێت، نەك تەنها لە هەواڵەكانی پەیوەست بە عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڵكو زۆر جار لە گواستنەوەی هەواڵی وڵاتانی دەوروبەر و ناوچەكەش لە پێش كەناڵەكانی خودی ئەو وڵاتانە بووە و بووەتە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراو. بۆیە زۆر جار ئاژانسە بەناوبانگەكانی تایبەتمەند بە هەواڵ، پشت بە وێنە و ڤیدیۆكانی كوردستان24 دەبەستن و لای خۆیان پەخشیان دەكەنەوە. بۆ نموونە ئێستا كە لەسەروبەندی هەڵبژاردنی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكاین، لە رێگەی دوو بوڵتەنی تایبەتی رۆژانە و بەرنامەی ئەمەریكا بڕیار دەدات، توانراوە نوێترین زانیاری لە بارەی ئەو رووداوە گرنگە، بۆ بینەر و بیسەر و خوێنەرانی كەناڵەكانمان بگوازینەوە و گرنگترین كەسایەتییە سیاسی و دیپلۆماسیەكانی ئەو وڵاتەش بدوێنین".

کوردستان24 لە دۆخێکی سیاسی، ئەمنی و ئابووریی سەختی کوردستان دەستی بە کارکرد، بە گوتەی شارەزایانی بواری راگەیاندن، لەوانەش تۆڕی میدیایی فرانس24، کە راهێنانیان بە ستافی تەلەڤیزیۆنی کوردستان24 کردووە، کوردستان24 توانیویەتی سەرکەوتنێکی گەورە تۆمار بکات و هەم لەناوخۆی کوردستان و هەم لەدەرەوەدا ببێتە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی هەواڵ.

دامەزراوەی میدیایی کوردستان24 بەگوتەی خەڵک لەماوەیەکی کورتدا توانیی ببێتە یەکێک لە سەرەکیترین کەناڵە ئاسمانییەکانی کوردستان و سەرچاوەکانی هەواڵ و زانیاری راست و دروست لەسەر رووداوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و زۆرجاریش بووه‌تە سەرچاوەیەك بۆ میدیای جیھانی.

زیاتر لە 74 ملیۆن خوینەری ویبسایت

وێبسایت و سۆشیاڵ میدیای کوردستان24، رۆژانە بە زمانەکانی کوردی (بە هەردوو دیالێکتی سۆرانی و کورمانجی)، عەرەبی، ئینگلیزی، تورکی و فارسی هەواڵ و زانیاری لەبارەی کوردستان بۆ جیهان و بەپێچەوانەوەش بڵاودەکاتەوە، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا دەیان ملیۆن سەردانکەری هەبووە.

بەپێی گوگڵ ئەناڵەتیکس، کە خزمەتگوزارییەکی گوگڵە و تایبەتە بە داتا و ترافیکی وێبسایت، لە ماوەی یەک ساڵی رابردوودا، واتا لە 31-10-2019ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ زیاتر لە 74 ملیۆن کەس سەردانی ماڵپەڕی کوردستان24ـیان کردووە بۆ خوێندنەوەی هەواڵ.

ئەیووب محەمەد، بەرپرسی وێبسایت و سۆشیاڵ میدیای کوردستان24 لە بەرنامەی رۆژباشی کوردستان24 میوان بوو و گوتی "ئێستا بینەر پابەند نییە بە کات و ساتێکی دیاریکراو بۆ ئەوەی رۆژانە تەرخانی بکات بۆ ئەوەی بەرامبەر شاشەی تەلەڤیزیۆن دابنیشێت، لەبەرامبەردا تەکنەلۆژیا و سۆشیاڵ میدیا ئەو بژاردەیەی داوەتە وەرگر کە چ کاتێک حەزی لێبوو سەیری بکات و جیهانێکی تایبەت بە خۆی دروست بکات و بە حەز و خولیای خۆی سەیری بەرهەمەکانی تەلەڤیزیۆن بکات".

کوردستان24 بەپێی تیۆرییەک کاردەکات کە پێیدەگوترێت بەرپرسیارییەتی کۆمەڵایەتیی، وەک ئەیووب محەمەد دەڵێ "ئەو تیۆرە زۆر لەبەرچاودەگرین لەو بابەتانەی بڵاویدەکەینەوە، تاوەکو دواجار نەبێتە هۆی شێواندنی کۆمەڵایەتی. بەداخەوە لە کوردستان و زۆر شوێنی دیکەش لە سۆشیاڵ میدیا بەرچاومان دەکەوێت، هەموو شتێک دەکەن لەپێناو لایک و کۆمێنت، کە ئەوە هەڵەیەکی کوشندەیە، چونکە ئەو لایک و کۆمێنتە ئەوەندە ناهێنێت تۆ لەپێناویدا پشێویی کۆمەڵایەتیی بنێیەوە".

نوێگەری لە وێبسایت و سۆشیاڵ میدیا

بەرپرسی وێبسایت و سۆشیاڵ میدیای کوردستان 24 ئاشکراشی دەکات "وێبسایت و ئەپڵیکەیشنی کوردستان24 نوێدەکرێنەوە. ئێستا خەریکی ئەو نوێگەرییەین، کە کەمێک کاتی پێویستە، دواتر هەریەک لە وێبسایت، ئەپی مۆبایل و سۆشیاڵ میدیاکانیش نوێدەکرێنەوە و دیزاینەکان دەگۆڕین".

سەرۆکی بۆردی بەڕێوەبردنی دامەزراوەی کوردستان24 لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا دەڵێ "کوردستان24 تەنیا خۆی بە میدیاییەكی كوردستانی نازانێت، بەڵكو خۆی بە دامەزراوەیەكی نێودەوڵەتیش دەزانێت، لەبەرئەوەی خزمەتگوزاریی میدیایی تەنها بە زمانی كوردی پێشكەش ناكات، بەڵكو لە رێی وێبسایت و دیجیتاڵ میدیاكەیەوە، بە زمانەكانی دیكەی وەك (ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی و توركی)یش بەرهەمی میدیایی هەیە و لە خێرایی و شێوازی گەیاندن و رووماڵكردنیشدا، تایبەتمەندی خۆی هەیە. ئەمەش لەسەر ئاستی پەیوەندییە گشتییەكانی رەنگی داوەتەوە و پەیوەندییەكی توندوتۆڵی لەگەڵ زۆربەی ئاژانس و كەناڵە جیهانی و دامەزراوەكانی میدیا دروستكردووە و لە زۆر رووشەوە هاوكار و هەماهەنگی یەكترین.

میتۆدی كاركردنی Kurdistan24

کوردستان24، دامەزراوەیەكی تایبەت بە توێژینەوە و راگەیاندنە، وەك نێوەندێكی میدیایی ھەمەجۆر بەشێوەیەکی دروست و بابەتییانە و بە پێی پره‌نسیپی "به‌رپرسیاریه‌تیی كۆمه‌ڵایه‌تی"، ئه‌ركه‌ پیشه‌ییه‌كانی به‌رانبه‌ر (نیشتمان، تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ئازادییه‌ كه‌سییه‌كان) به‌جێده‌گه‌یه‌نێت.

ئامانجی دامەزراوەی كوردستان24، گەشەپێدانی ئەو رووخسارە میدیاییەیە کە میدیا لە کوردستان دەقی پێوە گرتووە و دەیەوێت ببێتە رێنیشاندەر بۆ جیھانێکی نوێی کاری میدیایی لە ناوچەكە بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی.

كوردستان24 لە رێگەی تۆڕێكی فراوانی پەیامنێران له‌ كوردستان و زۆربەی وڵاتانی دونیا، بەخێرایی و بێلایەنانە، بە دوای رووداوەكاندا ده‌چێت و بەدواداچوونی وردی چركە بە چركەی ھەیە لەسەر ئەو بابەتانەی بۆ پێكھاتە جیاجیاكانی كوردستان جێگەی بایەخن.

دەزگای میدیایی كوردستان24 ھیچ بەربەستێکی دانەناوە لە بەردەم پرۆسەی گەڕان بە دوای زانیاریدا. بەو مانایەی کوردستان بەشێکە لە جیھانێکی فراوانتر و ئەمەش لە کارەکانیدا رەنگیداوەتەوە. كوردستان24 هەروەها به‌ كوردیەكی ره‌وان، پاراو و سه‌نگین، بەرهەمی كەناڵەكانی خۆی پێشكەش دەكات.

كوردستان24 پره‌نسیپی هاوسه‌نگی و بابه‌تیبوون و به‌رپرسیاریه‌تی له‌ رووماڵ و به‌دواداچوونه‌ رۆژنامه‌وانییه‌كان په‌یڕەو ده‌كات و بە گوێره‌ی ستاندارده‌ باوه‌كانی میدیایی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانی کار دەكات.

پەیاممان چییە؟

کوردستان24 كارده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری لێبوردەیی و پێكه‌وه‌ژیان و ئاشتەوایی و دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری و پاراستنی مافەكانی مرۆڤ لە كوردستان.

کوردستان24 كار ده‌كات بۆ بڵاوكردنەوەی كولتووری ژینگه‌پارێزی، پەروەردەیەكی تەندروست، به‌رزكردنه‌وه‌ی ئینتمای تاك بۆ خاك و نیشتمان.

كوردستان24 مافی راده‌ربڕین بۆ هه‌موو پێكهاته‌ جیاوازه‌كانی كوردستان و ناوچه‌كه‌، به‌ جیاوزی فیكری و ئایینی و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی مسۆگه‌ر ده‌كات. هەروەها پەرە بە بیری سەربەخۆیی لە كوردستان دەدات.