جه‌لالی مه‌له‌كشا كۆچی دوایی كرد

كتێبەكانی بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ی له‌ كتێبخانه‌ی كوردی و فارسی پڕكردووه‌ته‌وه‌
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

جه‌لالی مه‌له‌كشا، شاعیر و نووسه‌ری ناوداری رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌ ته‌مه‌نی 69 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد و میراتێكی گه‌وره‌ی بۆ كتێبخانه‌ی كوردی له‌دوای خۆی جێهێشت.

جه‌لالی مه‌له‌كشا شاعیرێکی بەناوبانگی کوردە، لە 19-03-1951 لە گوندی مەلەکشای سەربە شاری سنە هاتووەتە دونیاوە و هه‌ر لە منداڵییەوە هۆگری شیعر و نووسین بووە.

جەلال وەك مروڤێکی ئاشتیخواز نەیتوانی ملكه‌چی زوڵم و سته‌مكاری بێت، بۆیه‌ تووشی دەرده‌سەری و ئازاری زیندانیی زۆر بووە.

سه‌ره‌تای كاره‌ هونه‌رییه‌كه‌ی نووسینی شیعر، په‌خشان و چیرۆکی فارسی ده‌ستی پێكرد، لەبەر هێز و به‌هره‌كه‌ی لە نووسیندا بە بێ ئەوەی کتێبی چاپکراوەی هه‌بێت، بووه‌ ئەندامی (کانوونی نووسەرانی ئێران).

دوای ساڵی 1979 قه‌ڵه‌می نووسینه‌كه‌ی دەگێڕێتەوە بۆ ناو زمانی کوردی و لە کوردیشدا زۆر سه‌ركه‌وتوو بوو. بۆ ماوەی 14 ساڵ وەکوو نووسەر و رۆژنامەنووس دەبێتە ئەندامی گۆڤاری سروە و گرنگی زۆر بە زمان و ئەدەبی کوردی دەدات.

شیعرەکانی مه‌له‌كشا، تا ئێستا بۆ سه‌ر زمانەکانی فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی، سوێدی،... وەرگێڕدراون.

جەلالی مه‌له‌كشا، ئه‌مڕۆ شەممە، 2020/10/31، له‌ ته‌مه‌نی 69 ساڵیدا، كۆچی دوایی كرد.

H.B