كەشناسی زانیاری لەبارەی شەپۆلی بارانبارین دەخاتەڕوو

كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر

شەپۆلێكی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێك بەردەوام دەبێت.

فازڵ ئیبراھیم، بەڕێوەبەری گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ شەپۆلێكی بارانبارین ھەرێمی كوردستان دەگرێتەوە، لە سەرەتاشەوە لە سنووری دھۆك دەست پێدەكات و بارانبارینەكە بەشێوەیەكی پچڕ پچڕ دەبارێت".

گوتیشی: "بەگوێرەی پێشبینیەكان ئەمشەو بارانبارین ناوچە شاخاوییەكانی سنووری پارێزگای ھەولێر دەگرێتەوە و سبەی لەناو شارەكانیش باران دەبارێت، بەگشتی ئەم  شەپۆلەی بارانبارین بەشێوەی پچڕ پچڕ تا رۆژی ھەینی بەردەوام دەبێت".

لەبارەی دواكەوتنی بارانبارین، فازڵ ئیبراھیم، ئاماژەی بەوەدا: "ھێشتا ئێمە لە سەرەتای وەرزی بارانبارین داین و زووە باسی وشكەساڵی بكرێت، ساڵانی دیكەش ھەندێك جار بارانبارین دواكەوتووە، بەڵام دواتر بارانی پێویست باریوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "پێشبینی دەكرێت لە ناوەڕاستی ھەفتەی داھاتوودا شەپۆلێكی دیكەی بارانبارین روو لە ھەرێمی كوردستان بكات".