رایان گیگز دەستگیر کرا

درەنگانی شەوی یەک شەممەی رابردوو بوو کاتێک پۆلیس ئاگادار کرایەوە کە لە ماڵەکەی رایان گیگز راهێنەری هەڵبژاردەی وێلز دەنگە دەنگێکی زۆر دەبیسترێت و دوای گەیشتنی پۆلیس، ناوبراو بە تۆمەتی لێدان لە خێزانەکەی دەستگیر کرا.

رۆژنامەی سەنی بەریتانی بڵاویکردووە، شەوی یەک شەممەی رابردوو بوو کاتێک دراوسێیەکانی راهێنەرەکەی وێلز پەیوەندیان بە پۆلیسەوە کرد و گومانیان هەبوو کە کێشەیەک لەو ماڵە هەیە، دوای چەند خولەکێک و گەیشتنی پۆلیس بۆ ئەم شوێنە، دەرکەوتووە کە گیگز توند و تیژی بەرامبەر خێزانەکەی بەکار هێناوە و بەم هۆیەوەش لەلایەن پۆلیسەوە دەسگیر کراوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە بریاربوو ناوبراو ئەمڕۆ لیستی ناوی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکەی بۆ دوو یاریی دۆستانەی بەرامبەر ئەمریکا، فینلەندا و ئایرلەندا بڵاوبکاتەوە.

پۆلیسی شاری مانچێستەر کە گیگز لەم شارە نیشتەجێیە بێ ئەوەی هیچ ناوێک ئاشکرا بکات رایگەیاندووە، لە ماڵێکدا پیاوێکی 46 ساڵان لەگەڵ هاوژینە 30 ساڵانەکەی بووەتە دەمەقالێیان و لە ئەنجامدا خانمەکە بە سوکی بریندار کراوە بێ ئەوەی پێویستی بە نەخۆشخانە بێت، بۆیە لە ماوەی داهاتوو لێکۆلینەوەکان لەسەر ئەم کەیسە بەردەوام دەبن.