بایدن لە گەیشتن بە كۆشكی سپی نزیكدەبێتەوە و ترەمپیش ھەڕەشە دەكات

جۆ بایدن تەنیا شەش کورسی ماوە بۆ ئەوەی بگات بە کۆشکی سپی

K24 - ھەولێر

جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە پێنج  ویلایەت بەردەوامە و جۆ بایدنش تەنیا شەش کورسی ماوە، بۆ ئەوەی بگات بە کۆشکی سپی.

لە هەریەک لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا و نۆرس کارۆلینای باكوور و جۆرجیا و نیڤادا و ئالاسكا جیاکردنەوەی دەنگەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بەردەوامە، جۆ بایدن كاندیدی دیموكراتەكان 264 كورسی مسۆگەر كردووە، لە ویلایەتی نیڤادا، کە شەش کورسییە بایدن لە پێش ترەمپە و بە سەرکەوتنی بایدن لەو ویلایەتە کورسییەکانی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنی بایدن دەبێتە 270 کورسی و ئەمەش دەنگی پێویستە بۆ بوون بە سەرۆکی ئەمەریکا.

بەڵام لە هەریەک لە ویلایەتەکانی پێنسلڤانیا و نۆرس کارۆلینا و جۆرجیا ترەمپ لە پێش بایدنە و تا ئێستاش دۆناڵد ترەمپ، كاندیدی كۆمارییەكان 214 کورسی کۆمەڵگەی هەڵبژاردنی بەدەستهێناوە.

دوێنێ لە وتارێكدا ترەمپ، باسی ساختەكاری لە ھەڵبژاردنەكان كرد و گوتی "ئێمە لە ھەڵبژاردنەكە بردومانەتەوە، دادگای باڵای ئەمەریکا بۆ تانەدان لە ژماردنی دەنگەکان سكاڵا تۆمار دەكەین".