كەشناسی: بارانی بە لێزمە دەبارێت

كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان

K24 – ھەولێر

كەشناسی رایدەگەیەنێت، ئەو شەپۆلە بارانبارینەی رووی لە ھەرێمی كوردستان كردووە، كاریگەرییەكانی بەردەوام دەبێت و لە ھەندێك ناوچە بارانی بە لێزمە دەبارێت.

بەشی پێشبینیەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی ھەرێمی كوردستان راپۆرتێكی لەبارەی كەشوھەوای ئەمڕۆ و سبەی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "سبەى نزم بوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى 4-6 پلە لە تەواوى ناوچەکان دەبێت، بەڵام سنوورى پارێزگای دهۆک نزمبوونەوەى پلەکانى گەرما بە نزیکەى 6-8 پلە دەبێت".

كەشناسی راشیگەیاند: "ئەمڕۆ پێنج شەممە بارانبارین بە شێوەى پچڕپچڕ بەردەوام دەبێت تاکو بەرەبەیانى رۆژى هەینى، ناوچە شاخاویەکانى پارێزگاى هەولێر بارانى مامناوەند دەبێت، بەڵام لە سنوورى پارێزگاى دهۆک بارانبارینى زیاتر دەبێت و هەندێ جار لێزمە باران دەبێت و هەورە تریشقەشى دەبێت".

لە راپۆرتەكەی كەشناسی ئاماژە بەوەشكراوە: " خێراى با زیاد دەکات و هەندێ کات دەگاتە سەرووى 30 کم لە کاتژمێرێکدا، لە ھەندێك ناوچەی سنووری پارێزگای كەركووك ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵێش هەیە".