داھاتی رۆژانەی عێراق لە ترانزێتی فڕۆكەكان رۆژانە چەندە؟

ژمارەی ئەو فڕۆكانەی رۆژانە بەسەر ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن 260 فڕۆكەن

K24 – ھەولێر:

وەزیری گواستنەوەی عێراق، ناسر حوسێن بەندەر شبلی لیژنەی ترانزێتی راسپارت، لە میانی ھەفتەیەك تا دوو ھەفتە مەرجی نوێ داڕێژن بۆ تێپه‌ڕینی فڕۆكەكان بەسەر ئاسمانی عێراقدا، ئاماژەشیكرد، كرێی ھەر فڕۆكەیەك دەگاتە 450 دۆلار.

شبلی ئەمڕۆ ھەینی، بە ئاژانسی ھەواڵی عێراق "واع"ی راگەیاند، "وەزارەت كە قۆناغی لێكۆڵینەوەیە لە ترانزێت، بۆیە تاكو ئێستا ئەو گوژمانەی دەوڵەت وەریگرێت لەم بارەوە ھەژمار نەكراون". روونیشیكردەوە، "كۆبوونەوەی یەكەمی لە لیژنەی ترانزێتی ئەنجامداوە بۆ لێكۆڵینەوە لەو بابەتە و رایسپاردوون له‌ میانی هه‌فته‌یه‌ك تا دوو هه‌فته‌ ئه‌و دۆسییە یه‌كلا بكه‌نه‌وه‌".

گوتیشی: "لیژنەكە زۆر بیرۆكەی خستەڕوو، بەشێكیان لە گومرگەوە بوون و ئەوەی دیكەیان لە دەروازە سنوورییەكانەوە بوون و گەیشتینە لێكۆڵینەوەیەكی سەرەتایی لە سەر پێویستی ترانزێت، بەھۆی پێگە گرنگەی عێراق، جا چ لە رێگای ئوردن بێت یان توركیا و ئێران".

ئاماژەشیكرد، "مەرجەكانی دەستكردن بە ترانزێت گەڵاڵەكراوە و گفتوگۆش لە وڵاتانی ھاوسێ لە سەر ئەم بابەتە كراوە".

جەختیشیكردەوە، "كرێی ھەر فڕۆكەیەك بەسەر ئاسمانی عێراقدا تێپه‌ڕ ببێت 450 دۆلارە و ژمارەی ئەو فڕۆكانەی رۆژانە بەسەر ئاسمانی عێراقدا تێدەپەڕن 260 فڕۆكەن و ھەندێك جار لەم ژمارەیە زیاترە، كۆمپانیای ئاسمانی بەرپرسیارە لە بەڕێوەبردنی كاروبارباری فڕین لە ئاسمانی عێراقدا، ئەمەش بەو واتایە داھاتی عێراق لە ترانزێت فڕۆكەكان رۆژانە دەگاتە 120 ھەزار دۆلار".

پێشتریش وەزیری گواستنەوە، حوسێن بەندەر شبلی كاراكردنی ترانزێتی وشكایی و ئاسمانیی لە عێراق راگەیاندبوو و گوتبووی: ئەمە "لەگەڵ ئەو ئاراستەیەی حكومەت دەگونجێت، كە ھەوڵی زیادكرنی داھاتی دەوڵەت دەدات، لە پەرۆشیمانە بۆ وەبەرھێنانی پێگەی گرنگی جوگرافی عێراق، كە زۆر لە وڵاتان بەیەك دەبەستێتەوە.

سەرچاوە: "واع"