بێرنارد ھێنری لێڤی فەیلەسووف و بیرمەندی فەرەنسی: ئیداره‌ی تره‌مپ دوو جار خیانه‌تی له‌ كورد كرد

"لەناو بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن کورد دۆستی راستەقینەی دەبێت"
kurdistan24.net

K24- هه‌ولێر:

بێرنارد ھێنری لێڤی فەیلەسووف و بیرمەندی فەرەنسی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی مامه‌ڵه‌كردنی ئیداره‌ی تره‌مپ له‌گه‌ڵ كورد گوتی: "دۆخەکە لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ بۆ کورد زۆر خراپ بوو. من ناتوانم ئەوە لەبیرکەم کە کورد دوو جار لەلایەن ئیدارەکەی ترەمپەوە خیانەتیان لێکرا. یەکەمیان 2017 و کاتی رێفراندۆمەکەی باشووری کوردستان، سەرۆك مەسعود بارزانی وەك ھاوپەیمانێکی بە وەفا مامەڵەی لەگەڵ نەکرا. ئەو کاتیش گوتم: بۆ یەکەمجار رۆژئاوا دەستی بە خوێنی دۆستەکانی سوور بوو. 2017 کاتێك کوردستان گەمارۆی خرایەسەر و کەرکووك داگیرکرا. پێموایە بەھۆی ترسنۆکی ئیدارەکەی ترەمپ و ئەمه‌ریکاوە بوو".

ئه‌م گوتانه‌ی لێڤی له‌كاتی به‌شداریكردنی له‌ ژووری هه‌واڵی كوردستان24 له‌ رێگه‌ی سكایپه‌وه‌ هاتوون و گوتی: "دووه‌م خیانه‌تیش كه‌ له‌ كورد كرا دوو ساڵ دواتر و لە 2019 لە رۆژئاوای کوردستان و بڕیاری کشانەوەی سەربازانی ئەمه‌ریکا و ھەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ تورك و میلیشیاکانی سەربە تورکیا و رێگەدان بە داگیرکردنی خاکی کوردستان بوو. بۆیە کورد لە سەردەمی ئیدارەکەی ترەمپدا دو جار خیانەتیان لێکرا".

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، "نه‌ من و نه‌ ھیچ کەسێکی دیکەش ناتوانێت پێشبینی سیاسەتی ئیدارەکەی بایدن بکات، بەڵام دەتوانم ئەوە بڵێم: وەك چوار ساڵی سەردەمی ئیدارەکەی ترەمپ نابێت. بە دڵێکی شکاوەوە پێتان دەڵێم: کە لە چوار ساڵی رابردوودا لە باشوور و رۆژئاواش زۆر کاری خراپتان بەرامبەر کرا و ئەزموونی تاڵتان تێپەراند، دەتوانم ئەوەندەش بڵێم: کە لەسەردەمی دەسەڵاتی بایدندا بەوشێوەیە نابێت".

ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، "ئه‌گه‌ر به‌ دوو خاڵ باسی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن بکەم ئەوەیە، کە بەلایەنی کەمەوە سیاسەتێکی روون و راشکاوی ھەیە و لە ماوەیەکی کەمدا تێدەگەن کە دەبێ چاوەرێی چی لێ بکەن.. ئەمەش شتێکی باشە، چونکە ھیچ شتێك ئەوەندەی ئەوە مەترسیدار نیە کە مامەڵە لەگەڵ سیاسەتێکی ناڕوون و پێشبینی نەکراودا بکەیت، ئەمە خاڵی یەکەم. خاڵی دووەم: من چەند کەسێك لە ئیدارەکەی بایدن دەناسم و پەیوەندی دۆستانەم لەگەڵیان ھەیە و دەزانم کە زۆر پاڵپشتی دۆزی کوردن. لە ماوەی کەمپەینی ھەڵبژاردنەکاندا لەگەڵ دۆست و ھاوکارم تۆم کاپڵان دەستمان بە کەمپەینێك کرد، بۆ ئەوەی دۆزی کورد بەڕوونی بگەیێنینە پلاتفۆرمی ھەردوو پارتی دیموکرات و کۆمارییەکان. ئەمەش لەرێگەی رێکخراوێكی قازانج نەویست کە ناوی "JFK"ـه‌ واتە دادپەروەری بۆ کورد".

ئاشكراشیكرد، "پێکەوە لەگەڵ تۆم کاپڵان چووینە لای ھەردوو پارتی دیمورکرات و کۆمارییەکانی ئەمه‌ریکا، بۆ ئەوەی دۆزی کوردیان پێ بناسێنین. دەتوانم ئەوه‌شتان پێ بڵێم: چونکە ئەمە نھێنی نیە بەڵکو زانیارییە، لەناو سیناتۆر و کۆنگرێسمانەکانی دیموکراتەکان و ئەندامانی ئیدارەکەی بایدنیشدا پاڵپشتی و تێگەیشتنی زۆر باشمان بینی. بەڵام جارێکی دیکە دەیڵێمەوە: ناڵێم وەك مانگی ھەنگوینی دەبێت. بەڵام دەتوانم بە دڵنیاییەوە ئەوەتان پێ بڵێم: کە لەناو بەرپرسانی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەکەی بایدن کورد دۆستی راستەقینەی دەبن. دۆستی راستەقینە چیە؟ دۆستی راستەقینە کەسێکە کە بزانێ بۆچی ھاوڕێتە؟ ھاوڕێ و دۆستی راستەقینە کەسێکە کە کولتووری کورد بناسێت، مێژووی کورد بناسێت، کەسێکە کە رێزی ھەبێ بۆ شەھید و خەباتی کورد. دەتوانم ئەوەتان پێ بڵێم: کە لەوانەیە ئەم قسەیەشم ریسك بێت، بەڵام لەناو دیموکراتەکانی ئەمه‌ریکا دۆستی راستەقینەتان زۆرن و تێدەگەن کاتێك باسی دۆز و کولتووری کوردیان بۆ دەکەی".

دووپاتیشیكرده‌وه‌، "بەدڵنیاییەوە ھیچ سەرۆکێکی ئەمه‌ریکا ناتوانێ بەرژەوەندییەکانی وڵاته‌كه‌ی لەبیر بکات، بەتایبەتی لەم دۆخەدا کە بەداخەوە دونیای رۆژئاوا دەرگای خۆی بەڕووی جیھاندا داخستووە. لەلایەکی دیکەوە ناتوانم پێشبینی بکەم و بزانم سیاسەتی بایدن بەرامبەر ئێران چۆن دەبێت؟ ئایا ھەمان سیاسەتی ئۆبایە یان جیاواز دەبێت؟ ئەوەی دەتوانم پێتان بڵێم ئەوەیە: یەکەم: سیاسەتی دەرەوەی لەسەر بنەمای شارەزایی ئاراستە دەکات. خاڵی دووەمیش: پێموایە ئەو حەزەی ترەمپ بۆ نەیارەکانی ھەیبوو وەك ئەردۆغان و پووتن. ئێوە ئەو حەز و نزیکیە لە ئیدارەکەی بایدن بۆ ئەوانە نابینن".

هه‌روه‌ها گوتی: "جارێکی دیکە دەیڵێمەوە: سیاسەتی روون و دیار و نەگۆڕ دەردەکەوێتەوە. ئیدارەیەك دەبینن کە لەسەر بەڵێن و قسەی خۆی دەمێنێتەوە و دۆست و دوژمنی خۆی دەناسێت. دەزانێ کێ بەھا ھاوبەشەکانی ئەمه‌ریکای لەلایە و کێش پێچەوانەکەی لایە. پێموایە کورد دەتوانێ پێشبینی سیاسەتێکی لەو شێوەیە بکات".

ئاشكراشیكرد، "لەبارەی دۆزی کورد و پێشبینیەکانەوە یەك شتتان پێ ده‌ڵێم: من ھەندێك جار کە بەیانیان ھەڵدەستم زۆر گەشبینم، بەڵام بە رەشبینی دەچمەوە ناو جێگاکەم، بە پێچەوانەشەوە..بەشێکی مێشکم پێم دەڵێت: کە ناتوانن جگە لە چیاکان و دۆستە راستەقینەکانتان و رای گشتی پشت بە کەسی دیکە ببەستن و بەشەکەی دیکەی مێشکیشم پێیوایە، دۆستەکانتان لە جیھان کارێکی زۆر باشیان کردووە و دۆستی زۆریشتان ھەیە. ئەوەی دەتوانم پێتان بڵێم ئەوەیە، کە من و بەڕێز کاپڵان لەڕێگەی رێکخراوی دادپەروەری بۆ کوردەوە، ئەو رێکخراوەی کە ئێمە دامانمەزراندووە بۆ خزمەتی دۆزی کورد.. لەرێگەیەوە ئێوە دەنگتان دەبێت و لە چەند ساڵی داھاتوودا کەمپەین و لۆبی بۆ دادپەروەری دۆزی کورد دەکات. دەتوانم بەناوی خۆم و بەڕێز کاپڵانیشەوە ئەو بەڵێنەتان پێ بدەم."

H.B