راگەیاندنەكانی ئێران بانگەشەی دۆڕانی ترەمپ دەكەن
K24 - هەولێر
ئەگەرچی بەشێوەیەكی فەرمی بەرپرسانی ئێران دەڵێن ھیچ جیاوازییەك لەنێوان جۆو بایدن و دۆناڵد ترەمپ ناكەن و ھەردووكیان بە دژبەری خۆیان دەزانن، بەڵام ھاووڵاتییان و بەشێك لە راگەیاندنەكانی ئێران پێشوەختە باس لە سەركەوتنی بایدن بە سەر ترەمپ دەكەن و، دۆڕانی ترەمپ بە دەستكەوتێك بۆ ئێران دەزانن.
بەرپرسانی ئێران دەڵێن "ئاسمانی ئەمەریكا ھەور بێت یان خۆرەتاو، ھیچ كاریگەرییەك لەسەر ئاسمانی ئێران دانانێت"، ئەوە مانشێتی سهرهكیی لاپەڕەی یەكەمی بهشێك له رۆژنامەكانی ئێرانە، بۆ ئەوەی بهڕای گشتی شهقامی ئێرانی بگهیهنن، بۆ ئەوان ھیچ جیاوازییەك لەنێوان جۆو بایدنی دیموكرات و دۆناڵد ترەمپی كۆماری نییە و ههر كامێكیان بێت، ھەر دژبەری كۆماری ئیسلامیی ئێرانە.
ھاووڵاتییەکی ئێرانی لەبارەی ترەمپ و بایدنەوە دەڵێ "ھیچ جیاوازییەكیان نییە، ھەردووكیان یەكن. سیاسەتی گشتیان وەكو یەكە، ھەركامیان ببێتە سەرۆك، دژی ئێرانە".
بەرپرسانی ئێران ئەگەرچی بە ئاشكرا پشتیوانی ھیچیان ناكەن، بەڵام بەلێدوانەكانیانەوە دیارە بە سەركەوتنی بایدن یان لانیكەم دۆڕانی ترەمپ دڵخۆشن.
حەسەن روحانی، سەرۆككۆماری ئێران رۆژی پێنجشەممە (5-11-2020) گوتی "ئەو پیاوەی لە كۆشكی سپی بوو"، ئەوەش وا لێكدرایەوە، كە ترەمپی بە دۆڕاو ناوبردووە.
محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش هەرگیز نەیشاردووەتەوە، جیاوازی لەنێوان بایدن و ترەمپ دەكات.
موجتەبا رەزاخاهـ، یەکێک لە نوێنەرانی شیرازیش دەڵێ "شیعەكانی میشیگان ھۆكاری دۆڕانی ترەمپ بوون". ھەموو ئەوانە نیشانی دەدەن، ئەگەر سەركەوتنی بایدن بە دەستی ئەوانیش نەبێت، بە دڵیانە.
ھاووڵاتییەکی دیکەی ئێران باس لەوە دەکات "بەڕێز بایدن لەڕووی كەسایەتییەوە باشترە، بەڵام لەرووی سیاسەتی گشتی ھەردووکیان هەر یەكن".
جۆو بایدن رایگهیاندووه، ئەگەر به سەرۆك ههڵبژێردرێت، ئهمەریكا دهگهڕێنێتهوه رێکكەوتنی ئەتۆمیی ئێران و وڵاتانی پێنج كۆ یەك، بهڵام دەستڕاگەیشتنی ئێران بەچەكی ئەتۆم بە ھێڵی سوور دەزانێت، ههروهها دژی دەستوەردانی ئێرانه لە ناوچەكە و جیاواز لە ترەمپ نهیشاردووهتهوه، پرسی مافهكانی مرۆڤ لە ناوخۆی ئێران بۆ دیموكراتەكان گرنگە.
لەبەر ئەو هۆکارانە، بەشی زۆری بناژۆخوازەكان و نزیكەكانی رێبەری ئێران، جیاوازییەك لەنێوان ترەمپ و بایدن نابینن، ئەوانیتریش بە سەركەوتنی بایدن دڵخۆش نین، بەڵكو دۆڕانی ترەمپیان بەلاوە گرنگە.
هـ.ر.