محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود: بایدن بەڵێنی دەوڵەتی سەربەخۆی بە سەرۆك بارزانی داوە

"تا عێراق دابەشی سەر سێ ھەرێم نەكرێت كێشەكانی چارەسەرنابن"
kurdistan24.net

K24 - ھەولێر

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود، سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان له‌باره‌ی سه‌ركه‌وتنی جۆ بایدن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مەریكا به‌ كوردستان24ی راگه‌یاند، پێشتر بایدن به‌ سه‌رۆك بارزانی راگه‌یاندبوو، كه‌ له‌ ته‌مه‌نی خۆی و سه‌رۆك بارزانی كورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی خۆی، ئێستاش پێویسته‌ ئه‌و وته‌ بیر بایدن بخه‌ینه‌وه‌.

گوتیشی: "دابەشكردنی عێراق بەسەر سێ ھەرێم كە پێشتر لەلایەن بایدن باسی لێوەكراوە، چارەسەری كێشەكانی عێراق دەكات، پێویستە ئەم نەخشەیە بیر بایدن بخرێتەوە".

محه‌مه‌د حاجی مه‌حموود، ئاماژەی بەوەشكرد: "كێشەكانی عێراق زۆرن، ئەوەتا لەسەر دەریای نەوتە ناتوانێ مووچەی خەڵك بدات، ئێستا عێراق دەوڵەت نییە و لە دۆخێكی خراپدایە، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە یەكسانی نییە و لایەنێك دەیەوێت دەست بەسەر ھەموو عێراقدا بگرێت".

راشیگەیاند: "كاتی خۆی جۆ بایدن بە جەنابی كاك مەسعود بارزانی گوتبوو لە تەمەنی من و تۆدا كورد دەبێتە خاوەن دەوڵەت".