بۆ یەکەمجار ڤاکسینێکی کۆرۆنا بەڕێژەی 90٪ کاریگەریی خۆی سەلماند

کۆمپانیاکانی گەشەپێدەری ڤاکسینەکە داوا دەکەن بەپەلە رەزامەندی لەسەر بدرێت

K24 - هەولێر

یەکەم ڤاکسینی کۆرۆنا ئاشکرا کرا، کە دەتوانێت رێگری بکات لەوەی 90٪ـی خەڵک تووشی کۆرۆنا بن، بەپێی داتایەکی سەرەتایی.

گەشەپێدەرانی ئەو ڤاکسینە پێکهاتوون لە هەردوو کۆمپانیای پی فیزەر و بایۆ ئێن تێک، دەڵێن "ئەمڕۆ رۆژێکی مەزنە بۆ زانست و مرۆڤایەتی".

ئەو ڤاکسینە لەسەر 43 هەزار و 500 کەس تاقیکراوەتەوە لە شەش وڵاتی جیاواز و هیچ کێشەیەکی سەلامەتیی نەبووە.

هەردوو کۆمپانیا، پلانیان هەیە داوای رێگەپێدانی بەپەلە بکەن، بۆ ئەوەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا ڤاکسینەکەیان بەردەست بێت.

زیاتر لە 10 ڤاکسین لە سەرانسەری جیهان لە قۆناغی کۆتایی تاقیکردنەوەدان، کە بە قۆناغی سێیەم ناسراوە، بەڵام ئەمە یەکەم ڤاکسینە ئەنجامەکەی ئاشکرا دەکرێت.

ڤاکسینەکە بەشێوەیەک کاردەکات، جەستە رادەهێنێت بۆ ئەوەی هەم دژەتەن دروست بکات هەم بەشێکی دیکەی سیستەمی بەرگری کە بە خانەی تی ناستراوە، لە دژی ڤایرۆسەکە بجەنگێت.

ڤاکسینەکە بە دوو دۆس (جار) لە ماوەی سێ هەفتە دەدرێت. تاقیکردنەوە لەسەر ژمارەیەک خەڵک لە: ئەمەریکا، ئەڵمانیا، بەرازیل، ئەرجەنتین، ئەفریقای باشوور و تورکیا کراوە و، دەرکەوتووە 90٪ـی بەشداربووان دوای حەوت رۆژ لە وەرگرتنی دووەم دۆس، بەرگرییان پەیدا کردووە.

کۆمپانیای پی فیزەر پێیوایە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، دەتوانێت 50 ملیۆن دانە لەو ڤاکسینە ئامادەبکات و تاوەکو کۆتایی ساڵی 2021ـیش 1.3 ملیار دانەی پێ ئامادە دەکرێت.