دوای ھەواڵی دۆزینەوەی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا نرخی برێنت %10 بەرز بوویەوە

گەشبینییەك كەوتووەتە بازاڕی نەوت

K24- ھەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممەدوای بڵاوبوونەوەی ھەواڵی سەركەوتنی ڤاكسینی دژ ڤایرۆسی كۆرۆنا، نرخی نەوت لە بازاڕدا دەستكەوتی گەورەی بە خۆیەوە بینی، ئەمەش گەشبینییەك خستە بازاڕەكانەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دەستادەستكردنی گرێبەستە دواخراوەكانی خامی ئەمەریكی "رۆژئاوای تێكساسی ناوەڕاست" بەرمیلی بە 41.32 دۆلار فرۆشرا، بەرێژەی زیادەی %11.25.

گرێبەستە دواخراوەكانی خامی "برێنت" ھەر بەرمیلێكی بە 43.47 دۆلار فرۆشرا، بە زیادەی %10.19 بەرامبەر بە نرخی پێشووی داخرانی بازاڕەكان.

كۆمپانیای   Pfizer وBioNTech  ئەمڕۆ دووشەممە رایانگەیاند، قۆناغی سێیەمی تاقیكردنەوەی ڤاكسینەكەیان دژ بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بەسەركەوتوویی كۆتایی ھاتووە.

ھەردوو كۆمپانیای  "BioNTech" ی ئەڵمانی و ھاوبەووشەكەی "Pfizer"ی ئەمەریكی مەزندەیانكرد ڤاكسینە نوێیەكە بەفەرمی لە كۆتایی ئەم مانگە تۆمار بكرێت. ھەروەھا ھەردوو كۆمپانیا جەختیان كردەوە لەوەی ڤاكسینەكە لە %90 حاڵەتەكان كاریگەری خۆی بەدیارخستووە، بەبێ ئەوەی ھیچ تێبینییەكی جدی لەسەر سەلامەتی پێكوتەكە ھەبێت.