ئازەربایجان: ھەر كاتێك پێویست بوو پەنا دەبەینە بەر توركیا بۆ یارمەتیدانی سەربازیمان

پێش چەند ساڵێك لەگەڵ توركیا رێككەوتنێكمان واژووكردووە لەسەر ھاریكاری سەربازی لە كاتی روودانی ھێڕشی دوژمنكارانە

K24- ھەولێر:

سەرۆكی ئازەربایجان، ئیلھام عەلییف رایگەیاند، ئەگەر وڵاتەكەی دووچاری ھەڕەشە بوویەوە، لێكۆڵینەوە لە بژاردەی پەنابردنە بەر توركیا بۆ یارمەتیدانی سەربازی دەكەین. ھەروەھا ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ راگرتنی شەڕ لە ھەرێمی ناگۆڕنۆ قەرەباغ؛ ئەگەر سەرۆكی ئەرمینیا بەڵێنی پاشەكشەی ھێزەكانی بدات لەو ناوچەیە.

عەلییف، ئەمڕۆ دووشممە، لە دیدارێكیدا لەگەڵ كەناڵی "بی بی سی" بەریتانی گوتی: "ئەگەر كارەكان بەم شێوەیە بەردەوام بێت؛ پێویستی بە بەشداری سەربازیی توركیا ناكات".

گوتیشی: "پێش چەند ساڵێك لەگەڵ توركیا رێككەوتنێكمان واژووكردەوە لەسەر ھاریكاری سەربازی لە كاتی روودانی ھێڕشی دوژمنكارانە. واتە ئێمە بنەمایەكی یاساییمان ھەیە بۆ ئەوە ھاوكارییە وەك ئەوی لەنێوان ئەرمینیا و رووسیادا ھەیە. جا ئەگەر ئازەربایجان دووچاری ھێرشی دوژمنكارانە بوو و پێویستی بە پشتیوانی سەربازیی توركی ھەبوو، ئەوسا لێكۆڵینەوە لەو بژاردەیە دەكەین".

جەختیشیكردەوە، باكۆ نایەوێت شەڕ لە قەرەباغ بەردەوام بێت، بەڵام چاوەڕێی دڵنیاییەكانه‌ بۆ پاشەكشەكردنی ھێزەكانی ئەرمینیا لە ناوچەكە.

گوتیشی: "ئەگەر خودی (سەرۆك وەزیرانی ئەرمینیا) نێكۆڵ باشینیان، نەك وەزیری دەرەوه‌ی رایگەیاند، ئەرمینیا ھێزەكانی خۆی لە ئەغدام، كیلباجار و لاچین دەكشێنێتەوە، كە ئەو سێ ناوچەیە ماون و دەبێت رزگاریان بكەین و ئەگەر خشتەیەكی كاتیان دا بە ئێمە بۆ پاشەكشەكردن؛ ئەوسا یەكسەر شەڕ رادەگرین.. بەڵام (باشینیان) ئەو كارە ناكات".

پێشتر باشینیان پشتگیریی لە بڵاوكردنەوەی ھێزەكانی ئاشتی پارێزی رووسی كرد لە ناوچەی ململانێ لەسەر و گوتی : لەوانەیە "چارەسەری نموونەیی بێت" بۆ ململانێكەی قەرەباغ. ئاماژەشیكرد، ھەر چارەسەرییەكی پرسی ئەو ناوچەیە، دەبێت "مافی قەرەباغ لە چارەی خۆنووسین" بگرێتە خۆی.